رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ بازرگانان حەواڵە دەکرێت

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکدا حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا. دەشڵێت، سزاکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر حەواڵە و نرخی دینار نەبووە.

عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلوومبێرگ رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.

 بەگوتەی عەمار خەڵەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.

 خەلەف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە رەنگدانەوەی وەڵامی بانکی ناوەندییە بۆ داواکارییەکانی بازرگانان و هاووڵاتییانی عێراقی کە پێویستیان بە دراوی بیانی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە دەرەکییەکانیان.

 وەک جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق ئێستا بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و، پێشبینیش دەکەن ئەمساڵ زیاتر ببێت.

 عەمار خەلەف باسی لەوەشکرد، سزاکانی ئەمریکا کە بەشێک لە بانکە عێراقییەکانی گرتووەتەوە و رێگرییان لێدەکات لە بەکارهێنانی سیستمی “سویفت”، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی و نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار داناوە.

 خەلەف هۆکاری کاریگەرنەبوونەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە قەدەخەی مامەڵەکردن بە دۆلار و بەکارهێنانی سیستمی “سویفت” سەرجەم بانکەکانی عێراقی نەگرتووەتەوە و، کارەکانی حەواڵەی دەرەکی لە رێگەی ئەو بانکانەوە دەکرێن کە قەدەخە نەکراون لە مامەڵەکردن بە دۆلار.

 

 

 

 

 

 

 

 

وەرگیراوە لە ڕووداو