سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیاری ڕاگرتنى گهشته ئاسمانیهكانى تورکیا لهگهڵ سلێمانى کاریگەری نەخوازراوی دەبێت لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیو دەڵێت “خوازیارین بەزووترین کات گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیاو سلێمانی دەستپێبکاتەوە”.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند “بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی وڵاتی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانیو رێگەنەدان بەفڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی گەشتیارانو فڕۆکەی هێڵە ئاسمانیەکانی وڵاتانی دیکە بەسەر ئاسمانی وڵاتی تورکیادا بۆ گەشتن بەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کاریگەریی خراپی بۆ سەر کەرتی بازرگانی دروستکردووەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی خاوکردوەتەوە”.
راشیگەیاند” بازرگانانی شاری سلێمانی کۆمەڵێک وەکالەتی خۆراکییو پیشەسازیان لەبازرگانانی وڵاتی تورکیا وەرگرتووەو کاری هاوبەشی زۆریان هەیەو لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بەشێک لەو خۆراکو پێداویستیانە دەگەنو بەسەر تەواوی عێراقدا دابەشدەکرێتەوە، بۆیە پێمانوایە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سلێمانی وادەکات گەشتکردنی بازرگانان قورس بێت، هاوکات بەشێک لەو خۆراکو کاڵاو پێداویستیانەی کە لەڕێگەی کارگۆوە دێتە سلێمانی، بەر لەگەیشتنیان لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەداوە دێنە وڵاتی تورکیا پاشان دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆیە دڵنیاین بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانیەکاندا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەکان دروستکردووەو لەڕووی بازرگانییەوە زیان بەهەموو لایەک دەگەیەنێتو خاوبوونەوەی ئاڵوگۆڕی کاڵاو کاری بازرگانی لێدەکەوێتەوە”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی داوادەکات هەوڵەکان بۆ ئاسایکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان تورکیاو سلێمانی چڕبکرێتەوەو دەڵێت “خوازیارین بەزووترین کات گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیاو سلێمانی دەستپێبکاتەوە کە سوود بەهەموو لایەک دەگەیەنێت”.