دامەزراوەی “عراق المستقبل” کە تایبەتمەندە بە کاروباری دارایی رایگەیاند، لەماوەی 10 رۆژی رابردودا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیاری عێراقی بەمەبەستی پشوی جەژن گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردوە، ئەو کەسانەش بە درێژایی گەشتەکەیان زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان خەرج کردوە.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا باسی لەوەشکردوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە 500 گەشتی ئاسمانی تۆمارکراون کە زۆرینەیان گەشتیاری عێراقی بون و بۆ بەسەربردنی پشوەکانی جەژن ڕویان لە وڵاتانی دەرەوە کردوە، ئەو ژمارەیەش بە 100 هەزار گەشتیاری دەخەمڵێنرێت، (گەشتی حاجیانی عێراقی بۆ سعودیە لەو ئامارەدا هەژمار نەکراوە).
ئەوەش هاتوە، ئەگەر خەرجی هەر گەشتیارێک بۆ کڕینی تکتی فڕۆکە، گواستنەوە و مانەوە لە هۆتێل بە 1000 دۆلار مەزەندە بکرێت، کۆی خەرجی ئەو کەسانە بە 100 ملیۆن دۆلاریان مەزەندە دەکرێت.
دامەزراوەکە هۆکاری گەشتی عێراقییەکانی بۆدەرەوەی وڵات بۆ بەرزی پلەکانی گەرما و بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەگەڕێنێتەوە، بۆیە پێشنیاز بۆ حکومەتی عێراق دەکات گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری ناوخۆیی بدات و بیکاتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لە پاڵ فرۆشتنی نەوتدا.