راوێژکاری سودانی: جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابوریی وڵات دەبێت

راوێژکاری دارایی و ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی ئابوریی وڵات دەبێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، کاریگەرییە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەمەلایەنەن، یەکەمیان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەستپێکردنی خەرجکردنە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە وڵاتدا،کە دەبێتەهۆی سەقامگیریی بازاڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە بەپێی بودجەی سێ قۆڵییە، بەو پێیەی پلانێکی دارایی مامناوەندە بۆ پێشخستنی ئابوری وڵات بەتایبەتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان زۆر کاریگەرانە کاربکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و دروستکردنی کارلێکی داهێنەرانە لەگەڵ کەرتی تایبەت و بازاڕی کار، و بۆ ئەمەش چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی دەبێت لەسەر بارودۆخی ئابووری گشتی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا.”

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە یاسای بودجەی عێراق، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.