د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر:سلێمانى پێویستى به‌ سه‌قامگیرى ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌

پارێزگارى سلێمانى له‌ یادى بنیاتنانى سلێمانى ڕایگه‌یاند، له‌مرۆدا سلێمانى پێویستى به‌ سه‌قامگیرى ڕاسته‌ قینه‌و گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ و یه‌كتر قبوڵكردنى لۆژیكى هه‌یه‌.

 د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى ڕایگه‌یاند، ئەم شاره‌ لە ئەمڕۆدا پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینەو گێڕانەوەی متمانەو یەکترقبوڵکردنی لۆژیکیی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوزو تێپەڕاندنی نائومێدییەکان و ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی چارەنوس و ئایندەو خزمەتکردن و بوژانەوەو گەشەپێدانی زۆرتر و دادپەروەریی و پاراستنی ئازادییەکان و خۆخوێندنەوەو خۆدۆزینەوەو خۆناسینەوەو پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە.

پارێزگارى سلێمانى ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئێستا سلێمانی کەلە بنەڕەتەوە بۆ پایتەخت بنیاتنراوە؛ پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبیی لەسەر ئاستی جیهان و ئەندامی پەیمانی نێودەوڵەتیی ئەوروپایە بۆ وزە نوێکان و ژینگەو هاوتای فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیاو دەیان شاری پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهانەو ئەندامی کارای کۆنگرەی نێودەوڵەتیی تەندروستیی چارەسەرسازییەو لەسەر نەخشەی قوربانیدان و کرانەوەو کشتوکاڵ و شوێنەوارو گەشتوگوزارو پیشەسازیی و بازرگانیی و ژینگەو کولتوری جیهاندایە.

237 ساڵ پێش ئێستا شارى سلێمانى بنیاتنراو بڕیاره‌ ئه‌مرۆ به‌و هۆیه‌وه‌ بۆماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌ چالاكى كلتورى و رۆشنبیرى به‌رده‌وام بێت.