د.شێرکۆ جەودەت: كه‌رتی تایبه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌توانێت ببێت به‌فریادڕه‌سی بارودۆخی ئێستای كوردستان

ئا: رێژەن سەردار

د.شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی‌و ئابوری‌و ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان‌و پیشەسازی‌و بازرگانی، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “گه‌شه‌دان به‌كه‌رتی تایبه‌ت‌و کارا کردن‌و فراوانكردنی پرۆسەیەکە پێوستی به‌پلانی ستراتیژییه‌، ئه‌م پلانه‌ ستراتیجییەش ده‌بێت حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات به‌هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: لەکوردستاندا پاگەندەی کارکردن بەسیستەمی بازاڕی ئازاد دەکرێت، بەڵام ئایا وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ژووره‌بازرگانی‌و پیشەسازییەکانی هه‌رێم پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی بازاڕی ئازاد نیه‌ وەک ئەوەی بەمدواییە پڕۆژە یاسایەک لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند کراو ناوی بازرگانی لەژوورە بازرگانییەکان سەندەوەو درا بەوەزارەتی بازرگانی؟

د.شێرکۆ جەودەت: ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ده‌نگمان نه‌دا بەو پڕۆژه‌ یاسایە‌ بۆ گۆڕانكاری كردن له‌ده‌سه‌ڵاتی ژووره‌بازرگانیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بەو شێوەیە، چونكه‌مه‌ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ حکومەت وەکو چۆن لەبواره‌كانی نه‌وت‌و بودجه‌دا کە حەوت سالە نییەتی، وەکو بوارەکانی دیکەی وه‌به‌رهێنان كه‌گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌به‌رۆكی گرتون، نه‌مانده‌ویست ئەو ده‌سه‌ڵاتانە له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌و تاقمی حکومەتێکەوە کە بەگەندەڵی ناسراوە كۆنترۆڵ بكرێت‌و ئاراسته‌بكرێت بۆ گه‌نده‌ڵی، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارو مەترسییه‌ده‌نگمان نه‌دا بەو پڕۆژە یاسایە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: پرۆژه‌ یاسای لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناوی بازرگانی له‌ژووره‌بازرگانی‌و پیشەسازییه‌كان له‌لایه‌ن کێوەو لەسەر چ بنه‌مایه‌ك ئاماده ‌كراوه‌؟

د.شێرکۆ جەودەت: پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌وه‌ ئاماده ‌كرابوو، پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، دواتر سه‌رۆكایه‌تی پەرلەمان ئاراسته‌ی لیژ‌نه‌ی دارایی‌و ئابوری كرد‌، ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی دارایی هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تمان نه‌كردوه‌بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و یاساییه‌، ته‌نها كاتێك هاته‌به‌رده‌ستمان تاوتوێمان كرد، لەبەرئەوەی ئێمە لەئامادەکردنیدا بەشدار نەبوین من نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئاماده‌كراوه‌، به‌س دیاره‌ خواستی حكومه‌تی هه‌رێم بووە، كه‌پڕۆژەیاساكه‌ به‌و شێوازه‌ تێپه‌ڕێنرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئێوه‌ وه‌كو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی تێبینیتان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ چی بوو کە پێشکەشتان کرا؟

د.شێرکۆ جەودەت: راستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە كه‌رتی تایبه‌تیش له‌كوردستان بێ كه‌موكورتی‌و بێ گەندەڵی نییەو ئەویش پارێزراو نەبووە لەگەندەڵی‌و ١٠٠% دەسەلاتەکانی بەباشی بەکارنەهێناوە‌و کەموکورتی‌و گەندەڵی تیا کردووە، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه‌ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بكه‌وێته‌ لای حكومه‌ت وه‌كو سه‌رجه‌م كه‌رته‌ئابوورییه‌كانی نەوت‌و وەبەرهێنان،‌ گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای داگیر بكات، تێبینی سه‌رەكی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو.

بازرگانی‌و پیشەسازی: هه‌ست ناكه‌ن ئه‌م كابینه‌یەی حكومه‌ت‌و ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كار له‌سه‌ر لاوازكردنی كه‌رتی تایبه‌ت‌و دامەزراوەکانی‌ ده‌كه‌ن؟

د.شێرکۆ جەودەت: به‌بۆچونی من كه‌رتی تایبه‌تی راسته‌قینه‌ كه‌كۆنترۆڵكراو بێت به‌یاسای تۆکمەو جێبەجێ کردنی یاسا، ده‌توانێت ببێت به‌فریادڕه‌سی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌هه‌ردوو حیزبی ده‌سەڵاتدارو كۆمه‌ڵێك ده‌ستەو تاقمی دیكه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵ كردنی كه‌رتی تایبه‌ت‌و وه‌به‌رهێنان كۆتایی پێبهێنن، بەمەرجێک كه‌رتی تایبه‌ت رزگار بكرێت له‌ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی‌و لەبزنسی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندی نایاسایی چه‌ند ده‌سته‌و تاقمێك.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌وه‌ندەی تێبینیتان كردوه‌كه‌دوو خوله‌ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستانن، ئه‌و یاساو بریارانه‌ی لەڕووی بازرگانی‌و ئابورییەوە دەردەچن بەئاڕاسته‌ی خزمه‌تكردنی كه‌رتی تایبه‌ت‌و بوژانه‌وه‌ی بازاڕه‌؟

د.شێرکۆ جەودەت: نه‌خێر نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بازرگانی‌و بزنسی سیاسی گه‌شه ‌پێده‌ده‌ن، ململانێ‌و جه‌نگی ساردی ئابوری له‌نێوان یه‌كێتی‌و پارتی به‌هێز دەکەن، گه‌نده‌ڵی رۆژ به‌رۆژ ئاستی به‌رز ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی په‌كخستنی ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی شەرعی‌و یاسایین كه‌ده‌توانن ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، وه‌كو په‌رله‌مان‌و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و دیوانی چاودێری دارایی.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کەواتە بەمەبەست کار لەسەر لاوازكردن‌و بێ بایەخ کردنی ژووره‌بازرگانییه‌كان‌و کەرتی تایبەت له‌هه‌رێمی كوردستان دەکرێت؟

د.شێرکۆ جەودەت: گه‌شه‌دان به‌كه‌رتی تایبه‌ت‌و کارا کردن‌و فراوانكردنی پرۆسەیەکە پێوستی به‌پلانی ستراتیژییه‌، ئه‌م پلانه‌ ستراتیجییەش ده‌بێت حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات به‌هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت، به‌شێك له‌و پلانه‌ستراتیژیه‌ش ده‌بێت بریتی بێت لەكاراكردنی سه‌ندیكاو ڕێكخراوه‌ ئابوورییه‌كان کە هەریەکەو کار بۆ جۆرێک لەڕێکخستنی ئابوری دەکەن، لەهەمانکاتیشدا ده‌بێت حكومه‌ت رۆڵی سه‌رپه‌رشتیار ببینێت بۆ پاراستنی كه‌رتی تایبه‌ت‌و دامودەزگاو رێکخراوەکانی له‌خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات‌و گەندەڵی‌و لەقۆرخكاری ئابوری كه‌له‌قۆناغی رابردوودا هه‌بووه‌. كه‌رتی تایبه‌تیش له‌كوردستان وەک حکومەتی هەرێم دنیایەک گه‌نده‌ڵی‌و خراپ بەکارهێنان‌و بزنسی سیاسی تێدا بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌حكومه‌ت ده‌بێت رۆڵی سەرپەرستیارو کوالێتی کۆنترۆڵ‌ببینێت‌و كه‌رتی تایبه‌ت به‌یاساو ڕێنمایی لەگەندەڵی بپارێزێت، كه‌رتی تایبه‌تیش ده‌بێت ئه‌و کەلێنە گەورەیە پڕ بكاته‌وه‌به‌حكو‌مه‌ت پڕناكرێته‌وه‌ کە بریتییە لەپڕۆژه‌ی نه‌وعی‌و ئیداره‌ی باش‌و بزنسی کارا کە خزمەت بەوڵات‌و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دەکات، به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ردوولا ده‌توانن ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بن. بەڵام ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا ڕووده‌دات هه‌ڵه‌كه‌ دوو جه‌مسه‌ره‌یه‌، لەلایەکەوە كه‌رتی تایبه‌ت‌و زۆرێك له‌ڕێكخراوه‌كانی، ته‌نانه‌ت ژووره‌بازرگانییه‌كانیش سه‌د له‌سه‌د پارێزراو نه‌بوون له‌گه‌نده‌ڵی، هەندێک گەندەڵی هەر تیا بووە، هەندێک لەسودی شه‌خسی‌و ده‌سته‌و تاقمی لابەلای هەر تیا بووه.

‌ بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت چه‌ندین یاساو ڕێنمایی لەکوردستان ده‌رده‌چن كه‌پێچه‌وانه‌ی یاساو ڕێنماییه‌ فیدراڵییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناوی بازرگانیش یه‌كێكه‌ له‌و بڕیاڕانە کە لەعێراق بەجۆرێکی دیکە پەیڕەو دەکرێ، ئایا‌ئه‌مە كێشه‌ دروست ناكات بۆ بازرگانانی کوردستان؟

د.شێرکۆ جەودەت: هه‌رێمی كوردستان به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌توانێت یاسایی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و یاسایانه‌ پێچەوانه‌ نه‌بن له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقدا.