دەفتەر

  شەن جەزا

 هەر لەو کاتەوە پەنجەکانمان ناسک‌و نینۆکەکانمان نەرمە، ئەبینە ئاشنای دەفتەرو کاغەزو قەڵەم، کە خۆی لەخۆیدا بەهایەکی گەورەی هەیە، یاداشت و مێژوو لەدەفتەراو، تەنانەت کتێبە ئاسمانیەکانیش یەکەمجارو پێش دروست بوونی چاپ لەدەفتەرا نوسراون.

پرۆسەی بازرگانیش، کاتێک ڕێک ئەخرێت پێویستی بەچەندین جۆر دەفتەر هەیە کە بۆ بەرچاوڕونی لێرەدا بەکورتی باسی لێئەکەین، بەو هیوایەی سودی هەبێت بۆ بازرگانان،  دەفتەر گرتن لەپرۆسەی بازرگانیدا گرنگی خۆی هەیە کە ئەمانەن:

١ــ دەفتەری دایک (الاستاذ): ئەو دەفتەرەیە کە پاش پوختەکردنەوە هەمو زانیاری حساباتی دەفتەرەکانی تر تیایدا تۆمار ئەکرێت.

٢ــ دەفتەری ڕۆژانە: ئەو دەفتەرەیە کە ڕۆژانە هەمو زانیاریەکانی تیا تۆمار ئەکرێت بەوردەکاریەکانەوە.

٣ــ دەفتەری هەژماری کۆگا: ئەم دەفتەرە ڕێکئەخرێت بۆ ئەو کاڵایانەی لەبەردەستان یان لەکۆگادان، تا بازرگان بەوردی بزانێت چ  کاڵایەکی هەیەو بڕەکەی چەندە.

٤ــ دەفتەری نامەکان: ئەتوانین لەبری ئەم دەفتەرە دۆسیەش بەکاربهێنین. ئەم دەفتەرە هەمو ئەو نامانەی تیا ئەپارێزرێ کە لەبەینی بازرگان یا کۆمپانیادا ئاڵوگۆر کراوە لەگەڵ بازرگانان یان کۆمپانیاکانی ترو لایەنە پەیوەندیدارەکان.

٥ــ دەفتەری قەرز: ئەم دەفتەرە باشتر وایە بکرێتە دوو دەفتەر

‌آــ دەفتەری ئەوکەسانەی کە قەرزاری بازرگانن، کە هەمیشە بازرگان زانیاری تەوای لەبەردەستا ئەبێت کە بڕی چەند قەرزی داوە بەخەڵک.

ب ــ دەفتەری ئەوقەرزانەی لەئەستۆی بازرگاندایە: ئەم دەفتەرەش هەمیشە زانیاری تەواو ئەدات بەبازرگان تا بزانێت چ قەرزێکی لەئەستۆدایە، تا پلانی بۆ دابنێت بۆ دانەوەو پاکتاوکردن.       

ئەو پێنج دەفتەرە لەدەفتەرە سەرەکیەکانی بازرگانە کە پێویستە بونی هەبێت، هەندێ دەفتەری تر هەن کە سەرەکی نین بەڵام بونیان باشە ئارەزومەندانەیە لەلایەن بازگانەوە ڕێکیان بخات یان نا.

١ــ دەفتەری تێبینیەکان: دەفتەرێکی ڕۆژانەیە هەمو زانیاری‌و تێبینیەکانی ڕۆژانەی بەپەلە تیا ئەنوسرێ، واتە (مسودە)، پاشان زانیاریەکان ئەگوێزرێتەوە بۆ سەر دەفتەرەکانی تر هەر یەکەو تایبەتمەندی خۆی.

٢ــ دەفتەری پەراوە دارایی‌و بازرگانیەکان: ئەم دەفتەرە هەمو ئەو جوڵە بازرگانیانەی تا تۆمار ئەکرێت کە لەڕێگەی پەراوە دارایی بازرگانیەکانەوە ئەنجام ئەدرێ لەوەرگیراوو ڕۆشتو.

٣ــ دەفتەری کۆگا: لەم دەفتەرەدا هەمو ئەو کاڵایانە ئەنوسرێ کە بەپراکتیکی لەئامارو کۆگاکاندا بونیان هەیەو بە بەردەوامی چی دێتە سەرو چی لێئەروات تۆمار ئەکرێت، لەڕێی ئەم دەفتەرەوە بازرگان هەمیشە ئەزانێت چ کاڵایەکی هەیە یان چ کاڵایەک کەمی هەیە.

٤ــ دەفتەری خەزێنە یا سندوق: ئەم دەفتەرە هەمو ئەو تۆمارانەی لەمەڕ پارەی نەختینەو بانکەکاندا هەیە تیا تۆمار ئەکرێت.

ڕێکخستن‌و بونی ئەم دەفتەرانە سودێکی زۆری ئەبێت بۆ بازرگان کە گرنگترینیان ئەوەی لەبەردەم لایەنە بەرپرسەکانی وەک بانکەکان‌و ئیدارەی کۆمپانیاکان‌و دەستەو فەرمانگەکانی باجدا، ئەبنە بەڵگە بۆ ڕاستی‌و دروستی چالاکیە بازرگانیەکان.هەروەها هەمیشە بازرگان بەگەڕانەوەی بۆ ئەو دەفتەرو لیستانە بەرچاوڕونی تەواوی لەبەردەستا ئەبێت سەبارەت بەو جوڵانەی بازرگان خۆی تەنانەت پێشبینی زەرەرو قازانجی خۆشی ئەکات، هەروەها بەهۆی ئەم دەفتەرانەوە ئەتوانێت حساباتی کۆتایی ساڵانەی خۆی ڕێکبخات، سودو زیان دیاری بکات‌و پێشکەش گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکات.

                                     شەن جەزا