سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەزەندە دەکەن بۆ سەری ساڵ زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبێت.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند: “لە 10 رۆژی کۆتایی ساڵی 2021دا گەشتیارێکی زۆر رویان کردە هەرێمی کوردستان، ئامارێکی وردمان لا نییە، بەڵام مەزەندە دەکەین کە زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار رویان لە هەرێمی کوردستان کردبێت.”
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان وتیشی، “هەوڵ دەدەین لە وەرزی زستاندا کۆمەڵێک چالاکی سازبکەین بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بێن. پار ویستمان لە دهۆک لە نزیک چیای گارە فێستیڤاڵی بەفر سازبکەین و سەری نەگرت، بەڵام ئەمساڵ قسەمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا کردوە کە چالاکییەکان فراوان بکەین و شارەکانی سۆران و پێنجوێنیش بگرنەوە.”
ئەمەل جەلال وتی”ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی چەندین چالاکیی جۆراوجۆرەوە سەرنجی گەشتیاران رابکێشین. دەمانەوێت کۆمەڵگەی گەورەی گەشتیاری دروست بکرێت، ژمارەی تەلەفریکەکان زیاد بکەین و زۆر چالاکیی دیکە بکەین. دەمانەوێت ناوەندێکی زانیاریی دابمەزرێنین کە زانیاریی گەشتیاری بە گەشتیار بدات.”