ئەندامێكی لێژنەی دارایی دەڵێت، پێویستە باج و رسوماتەكانی هەرێم هاوتای عێراق بكرێنەوە، بەو پێیەی لەدەرەوەی یاساو بەرێنمایی كراون و دەكرێت لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە هەڵبوەشێنرێنەوە.
(د. نەرمین مەعروف) ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە ئێستادا بەشێكی باج و رسوماتەكان لە هەرێم، بەبەراورد بە عێراق زیاترە، بەپێی یاسایی بودجەو رێككارەكانیش دەبێت باج و رسوماتەكانیش هاوتای عێراق بكرێنەوە.
وتیشی، ئەگەر باج و رسوماتەكان لە هەرێم زیاتربێت، ئەوا توێژەكان مافی خۆیانە لە دادگای فیدراڵی سكاڵا بكەن بۆ ئەوەی هاوتای عێراق بكرێن.
(د. نەرمین مەعروف) بۆ میدیایەكی یەكێتی جەختی لەوەشكردۆتەوە، زیادكردنی باج و رسومات دەبێت بە یاسا لە پەرلەمانەوە بكرێت، ئەوەی لە هەرێم كراوە بە یاسا نەبووە، بە رێنمایی كراوە، ئەوەش نایاساییەو دەكرێت لە دادگای فیدراڵی هەڵبوەشێنرێتەوە.