ئاراس عهبدولكهریم مهعروف
ئەم رۆژانە هیچ بابەتێک وەک بەرزبوونەوەو دابەزینی بەهای دینار لەبەرامبەر نرخی دۆلاردا، خەڵکو رای گشتی عێراقو کوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵ نەکردووە، چونکە بەدەر لەوەی هەر دابەزینو بەرزبوونەوەیەکی دۆلارو دینار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابوری وڵاتو بژێویی ژیانو دەرامەتی هاوڵاتیان دەبێت، هاوکات رەهەندێکی سیاسیش لەخۆدەگرێ کە پەیوەندی بەململانێی سیاسی وڵاتە بەهێزەکانی جیهانو ناوچەکەشەوە هەیە.
هۆکار زۆرن رۆڵی گەورە لەئاڕاستەکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی دەبینن، بەڵام راستییەک کە ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت ئەوەیە هەموو بەهێزبوونێکی دیناری عێراقی یاخود لاواز بوونێکی، کاریگەری خوازراوو نەخوازراوی لەسەر ئابوری هەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەرئەوەی دیناری عێراقی دراوی هەموو عێراقە بەکوردستانیشەوەو کەس ناتوانێت خۆی لەکاریگەری بەرزبوونەوەو دابەزینی ئەو دراوە نیشتیمانییە داببڕێت.
ئەمە راستییەکی سەلمێنراوە لەپاڵ “ئاڵاو سرود”دا، کە دروشمو رەمزی سەروەری نیشتمانیی هەر گەلو وڵاتێكن، وەک زۆرێک لەئابوریناسان دەڵێن سیمبولو رەمزێکی سەرەكی سەروەری نیشتمانیش، دراوو سیستەمی دراوی نیشتمانییە، پێوەریش ئەوەیە کە رێژەی بەكارهێنانی ئەو دراو نیشتمانییە لەوڵاتێكدا چەندە.
ئێمە بمانەوێو نەمانەوێ ماوەی زیاتر لەسەد ساڵە، مامەڵەی بازاڕو هەموو کڕینو فرۆشی بازرگانیمان بەدینارە، لەم چەند ساڵەی رابردوشدا کە لەهەرێمی کوردستان هەوڵێک درا بەناوی “سەربەخۆیی ئابوری”یەوە مووچە بەدۆلار بدرێت، بەڵام سەرەنجام ئەم هەوڵە نەک سەربەخۆیی بەمانا سیاسیو ئابورییەکی بۆ هەرێمو خەڵکی کوردستان دەستەبەر نەکرد، بەڵکو بووە مایەی داڕمانی ئابوری هەرێمو ئەوانەی دروشمی سەربەخۆیی ئابورییان تاقیکردەوە شکستیان هێناو نەیانبردەوە.
بێگومان لەسێ دەیەی رابردوودا بەهای دیناری عێراقی بەچەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دراوی عێراقی سەرباری ئەو هەلومەرجە سەختە سیاسیییەی ئەم وڵاتە بەخۆیەوە بینیویەتی، توانیویەتی بەهای خۆی تا ئەندازەیەکی گونجاو ببپارێزێت، بەسەرنجدان لەو شۆکە ئابورییەی وڵاتانی چواردەورمانی پیادا تێدەپەڕێتو بەردەوام نرخی دراوەکانیان لەهاڕە کردندایە.
ئەگەرچی ناکرێت نکوڵی لەوەش بکرێت کە سیستەمی پارە “نەخت”ی عێراقیی لەگرفتدایەو ناشکرێ تەنها بەوە بەهاکەی رابگیرێت کە بانکی ناوەندی دۆلار بفرۆشێت، بەڵکو بەهێزتر کردنی دینار پێویستی بەکۆمەڵێک میکانیزمە بۆ ئەوەی سەقامگیریی بەهاکەی لەماوەیەکی کورتخایەنو درێژخایەندا بپارێزێت، کە گرنگترینیان پاشەکەوت کردنو مامەڵە کردنە بەدینار لەبری دۆلار.
بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش، کۆمەڵێ ئاماژەی روون پەیوەست بەئابوری عێراق هەن کە دەیسەلمێنن مەترسی لەسەر نەختینەی عێراقو ئابوریەکەی گەورە نییە، لەبەرئەوەی بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2023، عێراق لەڕیزبەندی گەشەی وڵاتە عەرەبیەکاندا لەڕیزی پێشەوەدایەو رۆژ بەڕۆژ سەقامگیریی سیاسیو ئەمنی دەبێتە مایەی بەهێز بوونو بوژانەوەی زیاتری ئابورییەکەی، بەسەرنجدان لەوەی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق نەوتەو نرخی نەوتیش لەئاستێکی بەرزدایە. ئەمە جگە لەوەی کە عێراق خاوەنی زیاتر لە ٩٤ ملیار دۆلار یەدەگو ١٣٥ تۆن زێڕە، کە گەورەترین پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئابوری عێراقو پاراستنی نەختینەییەتیو پێشبینی ئەوەش دەکرێت ساڵ بەساڵ یەدەگی عێراق زیاتر بێت.
لەم روانگەیەوە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا بە بەرنامەو بەشێوەیەکی پلانداڕێژراو مامەڵەیەکی تەندروستی ئابوریانە بکات لەگەڵ دیناری عێراقی، چونکە هێزی ئابوری هەر وڵاتێک پەیوەستە بە بەهێزیی دراوی نیشتیمانییەکەیو هەر بەهێزبوونێکی دینارو بوژانەوەیەکی عێراقیش لەڕووی ئابورییەوە، بەهێز بوونو گەشەی ئابوری هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ ئەزمونمان کرد.