ئا: رێژەن سەردار
جه‌بار گۆران، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەئابوریو وته‌بێژی بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانییە، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەلێت “له‌ئێستادا هاوڵاتیان دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌دا كه‌سانێك هه‌ن پێیانوایه گۆڕانكاری له‌به‌های دۆلار ناكرێت‌و دانابەزێت، كه‌سانێكیش ده‌ڵێن نرخی دۆلار داده‌به‌زێت، بۆیە له‌م بارودۆخه‌دا نرخی دۆلار له‌بازاڕه‌كاندا ناجێگیره‌و به‌رده‌وام گۆڕانكاریی تێدا ڕووئه‌دات”.
بازرگانی‌و پیشەسازی: لەرۆژانی رابردوودا نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هۆکارەکەی چی بوو؟
جەبار گۆران: هۆكاری سه‌ره‌كی ناسه‌قامگیری نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه بوو كه گوایه گۆڕانكاریی له‌نرخی دینار ده‌كرێت، كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی ٤١ په‌رله‌مانتاری عێراق بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كه وه‌كو پێشنیاز داوا ده‌كه‌ن نرخی دۆلار دابه‌زێت، به‌ڵام ئه‌م كاره ته‌نها پێشنیازهو ده‌سه‌ڵات لای بانكی ناوه‌ندی عێراقه نه‌ك په‌رله‌مان، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا یه‌كێك له‌په‌رله‌مانتارانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان داوای كرد به‌چه‌ند قۆناغێك گۆڕانكاریی له‌به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی بكرێت، كۆی ئه‌م ده‌نگۆیانه كاریگه‌ری هه‌بوو له‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك دۆلار دابه‌زێت.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌م ده‌نگۆیانه تا چه‌ند دۆلاری دابه‌زاند به‌رامبه‌ر دینار؟
جەبار گۆران: نزیكه‌ی ٢ هه‌زار و ٥٠٠ دینار نرخی دۆلاری دابه‌زاند، نرخی ١٠٠ دۆلار نزیک بوەوە لە ١٤٥ هەزار دینار.
بازرگانی‌و پیشەسازی: پێشبینی ده‌كه‌ن نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار دابه‌زێت؟
جەبار گۆران: ده‌سه‌ڵاتی دابه‌زاندنی به‌های دۆلار لای بانكی ناوه‌ندییه، هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌به‌های دۆلار بكرێت ده‌بێت بهئاگاداریو هه‌ماهه‌نگی كردن بێت له‌گه‌ڵ بانكی نێودهوڵهتیو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، ته‌نانه‌ت بانكی فیدراڵی ئه‌مریكاش ده‌بێت ئاگادار بێت، ئه‌م پرسه باگراوندێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، كاتێك به‌های دینار به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زێنرا عێراق كورتهێنانی بودجه‌ی هه‌بوو، قه‌رزێكی زۆریشی له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام جیا له‌م هۆكارانه، بڕه پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌عێراق سپی ده‌كرایه‌وه‌و بڕێكی زۆری دۆلاریش ده‌برایه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌گه‌ر ئه‌جندایه‌كی هه‌رێمی هه‌بێت بۆ گۆڕانكاریی كردن له‌نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار‌و دووباره دابه‌زاندنی به‌های دۆلار، ره‌نگه لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئهمەیان قه‌بوڵ نه‌بێت، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئابووری عێراق نه‌وته، كاتێك عێراق نه‌وت ده‌فرۆشێت له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا (فیدراڵ ریزێفتی ئه‌مریكا) دۆلار ده‌خاته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ئه‌مه باڵانسی دیناری به‌رامبه‌ر دۆلار ڕاگرتووه له‌عێراقدا، حكومه‌تی ئه‌مریكا یه‌ك هه‌فته ئه‌مه ڕابگرێت ئه‌و كاته دینار روبه‌ڕووی هاڕه‌كردنی گه‌وره ده‌بێته‌وه. به‌بۆچونی من ئه‌مساڵ زۆر ئه‌سته‌مه به‌های دۆلار گۆڕانكاری تێدا بكرێت، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی عێراق نه‌وته ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت دابه‌زێت، دیسانه‌وه كورتهێنان له‌بودجه ڕوئه‌دات، بۆیه ناكرێت ئێستا به‌های دۆلار دابهزێتو چه‌ند مانگێكی دیكه به‌رزبكرێته‌وه، ئه‌مه كاری كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زاییه له‌بانكی ناوه‌ندی نه‌ك سیاسییهكانو په‌رله‌مانتاران، ئه‌وه‌ی من ئه‌یبینم جوڵاندنی ئه‌م بابه‌ته بۆ كاریگه‌ریی كردنه سه‌ر ههستو سۆزی خه‌ڵك‌و كۆكردنه‌وه‌ی دهنگو بانگه‌شه‌ی سیاسییە.
بازرگانی‌و پیشەسازی: بەڵام پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق‌و سیاسەتی ئابوری نوێی حکومەت ناتوانێ کاریگەری لەدیاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار هەبێت؟
جەبار گۆران: له‌هه‌ر وڵاتێكدا ئابوری خرایه خزمه‌تی سیاسه‌ته‌وه ئه‌و وڵاته ڕوبه‌ڕووی ناسه‌قامگیری سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه، له‌هه‌ر وڵاتێكیشدا سیاسه‌ت خرایه خزمه‌تی ئابوری گه‌لێكی خۆشگوزهرانو ئابوریه‌كی سه‌ركه‌تووی ده‌بێت، له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌هۆی تویتێكی موقتەدا سه‌در دۆلار دابه‌زی تاكو ١٤٠ هه‌زار دینار‌و هاوڵاتیه‌كی زۆر دۆلاریان فرۆشت‌و چه‌ند رۆژێك دواتر دۆلار به‌رزبویه‌وه بۆ ١٤٨ هه‌زار دینار، ئه‌م یارییه سیاسیانه هاوڵاتیان توشی زهرەرو زیان ده‌كات، بۆیە پێوسته بانكی ناوه‌ندی به‌ئاشكراو فەرمی بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌م باره‌یه‌وه بدات.
بازرگانی‌و پیشەسازی: هاوڵاتیان ئێستا لەبازاڕی دراودا زیاتر دۆلار دەکڕن یاخود دەیفرۆشن؟
جەبار گۆران: له‌ئێستادا هاوڵاتیان دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌دا كه‌سانێك هه‌ن پێیانوایه گۆڕانكاریی له‌به‌های دۆلار ناكرێت‌و كه‌سانێكیش ده‌ڵێن نرخی دۆلار داده‌به‌زێت، بۆیە له‌م بارودۆخه‌دا نرخی دۆلار له‌بازاڕه‌كاندا ناجێگیره‌و به‌رده‌وام گۆڕانكاریی تێدا ڕووئه‌دات.
بازارگانیو پیشەسازی: ئەم دابەزینە خێرا‌و زۆرەی یۆرۆ بەرامبەر بەدۆلار هۆکارەکەی چییە؟
جەبار گۆران: هۆكاری دابه‌زینی نرخی یۆرۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه بانكی ناوه‌ندی ئه‌مریكا به‌های سودی بانكی به‌چه‌ند قۆناغێك به‌رزكرده‌وه له‌مانگی ئەیلولدا، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش یۆرۆ‌و یانی چینی له‌به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زین، دوهه‌م هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رزبونه‌وه‌ی رێژەی هه‌ڵئاوسان له‌ئابوری وڵاتانی ناوچه‌ی یۆرۆ‌و به‌ریتانیا، له‌به‌ریتانیا هه‌ڵئاوسانی ئابوری گه‌یشتۆته زیاتر له‌سه‌دا ١٠، له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڵئاوسانی ئابوری گه‌یشتۆته زیاتر لەسەدا ٩، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر نرخی یۆرۆ هه‌بووه، قه‌یرانی وزه‌ش كه به‌هۆی جه‌نگی روسیا‌و ئۆكرانیا سه‌ریهه‌ڵداوه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دابه‌زینی به‌های یۆرۆ، وزه گران بێت هه‌موو شتێك گران ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م زستانه كێشه‌ی گرانی نرخی سوته‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵبدات یۆرۆ زیاتر دابه‌زێت.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا لەم بارودۆخەدا بەهای دینار بەراورد بە بەهای دراوی وڵاتانی دەوروبەر باشترە؟
جەبار گۆران: تمه‌نی ئێرانی له‌دابه‌زینی به‌رده‌وامدایه‌و لیره‌ی توركی به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی سودی بانكی به‌رده‌وامه له‌دابه‌زین به‌رامبه‌ر به‌دۆلار، له‌ئێستادا دیناری عێراقی لهتمهنو لیره‌ی توركی‌و سوری به‌رزترو سەقامگیرتره.