تادێت بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزتردەبێتەوە و وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی رایگەیاند، دو هۆکار وایانکردوە کە دۆلار بەرزببێتەوە، یەکەمیان، لەکارخستنی ژمارەیەکی زۆر ماستەر کارت و دوەمیان، کەمکردنەوەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی لەمیانی کۆنگرەیەکی راگەیاند، “دو هۆکار بەهای دۆلاریان بەرامبەر بەدینار بەرزکردەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە کارتی ئەلیکترۆنییەوە هەیە کە لەماوەی رابردودا کارتی ئەلیکترۆنی بەتایبەتی ماستەر کارت کاریگەری زۆری هەبو لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار، کە لە رێگەیەوە هەمو کەسێک دەیتوان لە دەرەوە دۆلار بەدەستبهێنێت بەمەبەستی بازرگانی یاخود کاری تایبەت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتادا بانکی ناوەندی چاودێری کارتی ئەلیکترۆنی و ماستەر کارتی نەدەکرد بەڵام ئێستا “سیستمی BSRS”ی دامەزراندوە کە لە هەمو بانکەکانی دونیادا هەیە و چاودێری هەژماری ئەو هاوڵاتیانە دەکات کە مامەڵەی دارایی ئەنجامدەدەن، ژمارەیەکی زۆر ماستەر کارت هەیە کە پارەیەکی زۆری لەسەر راکێشکراوە کە پرسی جددی لەسەردروستبوە و بەشێک مامەڵە داراییەکانی ئەو ماستەر کارتانە وەستاوە بەجۆرێکە وایکردوە خواستی حەواڵەی دەرەکی گواستوەتەوە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و خواستی لەسەر بەهای دۆلار زیادکردوە.
بەوتەی وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی، هۆکاری دوەم کە وایکردوە بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزببێتەوە، پەیوەندی بە بانکی ناوەندییەوە هەیە، هەفتەی رابردو لە تەواوی رۆژەکاندا 700 ملیۆن دۆلار خراوەتەڕو، لەکاتێکدا لە هەفتەی پێشوتردا زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی حەواڵە و نەقدەوە فرۆشتوە، واتا هەفتەی رابردو زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری کەمتر خستەبازاڕەوە ئەمەش وایکرد بەهای دۆلار بەرزببێتەوە.
ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا بەربەست لەبەردەم بەهای دۆلاردایە بۆ ئەوەی داببەزێت بۆ خوار 140 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک، سەرەڕای ئەوەش لەئایندەدا هەر دادەبەزێت، بەڵام پێویستی بە کات هەیە.