بۆ ئاسانکاری زیاتر لە بواری بازرگانی و گەشتیاری و پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەکان، بڕیارە دوو کۆنفرانس لە نێوان هەرێمی کوردستان وئێران بەڕێوە بچن.
عەبدوڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان وئێران بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دوو کۆنفرانس لە هەولێر بکرێت. لە کۆنفرانسەکەدا بەرپرسانی باڵای بازرگانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وکرماشان و سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبن.
ئەو روونی کردەوە، سەرۆکی ژوری بازرگانی وسەرۆکی نووسینگەی گەشتوگوزاری ئێران دێنە هەرێمی کوردستان و لێرەش پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن و ئامانج ئەوەیە گرنگی زیاتر بە جووڵەی گەشتیاری وبازرگانی لە نێوان هەر دوو لا بدرێت و ئاسانکاری زیاتر بکرێت و گرفتەکان چارەسەر بکرێن.
ئاکرەیی دەڵێت ”ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە وهەوڵ دەدرێت کە دۆخی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان وئێران بۆ دۆخی جاران بگەڕێتەوە، پێشتر قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەرێم وئێران بەراورد بە ئێستە زۆر زیاتر بوو.”
ئەو ئاماژەی دا کە هەوڵی بەردەوام دەدرێ و بڕیارە لە دوای نەورۆز کۆنفرانسێکی زۆر گەورەتریش ئەنجام بدرێت لە هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوانە هەمووی لەپێناو ئەوەیە کە دۆخی بازرگانی و جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان وئێران زۆر باشتر بێت .