ئا: زریان محەمەد
دوو کارگە لەشاری سلێمانی شۆردنەوەو پاکردنەوەی سەوزە بەشێوەیەکی مۆدێرنو تەندروستانە کار دەکەنو دەیخەنە بازاڕەوەو لەمارکێتو میوەفرۆشەکان دەفرۆشرێت، هاوڵاتیانیش خۆشحاڵن بەوەی سەوزە بەئامادەکراوی دەکڕنو هەندێکیش دەڵێت “سەوزە خۆم نەیشۆمەوە دڵم ئیسراحەت ناکات”.
کارگەی (پاک)و (تەماتەفرێش) ڕۆژانە بەدەیان تۆن لەسەوزەو میوە بەشێوەیەکی تەندروستانەو لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەنە بازاڕەکانی سلیمانی.
هونەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری کارگەی تەماتەفرێش، لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیانەوە بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وتی “خراپی ڕەوشی میوەو سەوزە لەڕووی کوالێتیو پاکژییەوە لەبازاڕو علوە وایلێکردین کار بۆ دابینکردنی بەرهەمێکی پاکو شۆراوەی تەندروستو دوور لەبەکتریاو پیسی بکەین، بۆیە ئەم کارگەیەمان دامەزراند کە گشت سەوزەو میوە خۆماڵییەکانو گشت بەرهەمە دەرەکییەکان دەشۆینەوەو لەکیسی دەنێینو دەیخەینە بازاڕەکانەوە”.
وتیشی “گشت سەوزەکان کە بەکاریان دەهێنین لەکارگەکەماندا خۆماڵینو بەرهەمی ناوخۆیینو میوەکانیش زیاتر ناوخۆیینو دەرەکینو بەستانداردی (ISO)ی جیهانی، ئێمە خاوەنی چوار (ISO)ینو کە کاریان پێدەکەین بۆ پشکنینی تاقیگەیی لەپێشو پاش ئۆزۆنکردن، لەڕێگەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ لەشۆپی کارگەو شێوازی ئۆنلاینو دابەشکردن بەرهەمەکانمان ساغ دەکەینەوەو کوالیتی تەندروستو نرخی گونجاو ئامانجمانەو نرخەکانمان گونجاندووە لەگەڵ داهاتی هاوڵاتیان”.
خاوەنی کارگەکە داواش دەکات کار بکرێت بۆ هۆشیار کردنەوەی هاوڵاتیان بۆ دوورکەوتنەوە لەبەرهەمی ناتەندروستو نەشۆراوە بەئۆزۆن لەڕێی سێکتەرە تایبەتەکانەوە، کارگەی تەماتە فرێش کار دەکات بۆ زیاتر بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هاندانی کەرتی کشتوکاڵ بەپێی ستانداردی تەندروستی بەرهەمەکە.
کارگەی تەماتە فرێش دەرفەتی بۆ ٢٥ کەس لەناو کارگەکە ڕەخساندووە کە نزیکەی ٧٠ جۆر لەسەوزەو میوە دەشۆنەوەو لەکیسی دەنێنو پاشان دەیخەنە بازاڕەوە.
نەسرەن ڕەشید، خانمێکی تەمەن (٥٢) ساڵە سەرقاڵی کڕینی سەوزە بو بۆ ڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی وتی “ئەم سەوزە پاککراوە زۆر باشە، نرخەکەشی گونجاوە، لەماڵەوە یەکسەر دایدەنێینو بەکاری دەهێنین بۆ خواردن، پێویست ناکات لەماڵەوە سەوزە پاک بکەینو بیشۆینەوەو ئاو بەفیڕۆ بڕواتو کاتیشمان زۆر لێدەبات، بەڵام پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێرییان بکاتو لەتەندروستیو کوالێتی بەرهەمەکە بەردەوام دلنیایی بدەن بەهاوڵاتیان تا ئێمە ترسمان نەبێت لەبەکارهێنانی”.
یەکێکی دیکە لەو کارگانەی لەشاری سلێمانی سەوزە بەکوالێتی دەشواتەوەو دەیخەنە بازاڕەوە، کارگەی(پاک)ە.
میر هاودەنگ، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراو لەکارگەی پاک بۆ شۆردنەوەو پاککردنی سەوزە بۆ رۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی لەبارەی کاری کارگەکەیانەوە، وتی “دەستپێکردنی ئەم کارەی ئێمە وەک خولیای داهێنانی تازەو پێداویستی بازاڕ که بەرهەمێك بخهینه بازاڕەوه که وڵاتانی دراوسێ توانای رکەبەریان نەبێت، ئێمە بەردەوامین بۆ زیاتر فراوان کردنی کاری کارگەکەمان کە ڕۆژانە دەیان تۆن سەوزە دەشۆینەوە”.
سەبارەت بەجۆری ئەو سەوزانەی لەکارگەکەیان پاک دەکرێت، میر وتی “لەجۆری کهرەوز، مەعدەنوس، جەرجیر، تهرهتیزه، شویت، توور، کەوەر، تەڕەپیاز، نەعنا، تەرخون، کاهو، کەلەرمی جنراو، زەلاتەی ئامادەکراو، سلق، سپیناغ ، کە هەموو ئەو سەوزانەش لەناو عەلوەی سلێمانی دەیکڕینو هەر جوتیارێکیش گەر سەوزەی زۆر بێتو بتوانێت پێداویستی کارگەکەمان ڕۆژانە پڕ بکاتەوە ئامادەین لێیان بکڕینەوە بەپێی نرخی ڕۆژانەی عەلوەی سلێمانی کە دیاری دەکات”.
میر ئاماژەی بەوەش دا کاری کارگەکە لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو کارەکانیان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان دەبێتو بەپێی ستانداردی ئەوروپی شۆردنەوەو پاکردنەوە بۆ تەواوی سەوزەکان دەکەن، پاشان لەکیسی تایبەت دەنرێتو دەخرێتە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کارگەکە ئەوەش ڕوندەکاتەوە ڕۆژانە لەدوای ئامادەبونی سەوزەکانیان بەشێوەی دابەشکردنی راستەوخۆ بەئۆتۆمبێلی تایبەت کە پارێزگاری لەسەوزەکان دەکات دەبرێت بۆ بازاڕو مارکێتو میوەفرۆشەکان، پاشان هاوڵاتیان دەتوانن بیکڕنو بەبێ شۆردنەوە لەماڵەوە بەکاریبهێننو ئامادەیە بۆ خواردن.
دەربارەی ئەوەی تا چەند توانیویانە لەڕوی نرخەوە بیگونجێنن لەگەڵ رەوشی دارایی هاوڵاتیان، بەڕێوەبەری ڕێگە پێدراوی کارگەکە وتی “هەرچەنده فشاریکی زۆر کەوتوەته سەرمان، بەڵام لەڕووی نرخەوە توانیومانە هاوکارێکی تەواوی هاوڵاتیان بینو بەنرخێکی گونجاو بیگەیەنین بەدەستی بەکارهێنەران کە بەخۆشحاڵیەوە هاوڵاتیان لەڕوی نرخەوە ڕازینو گرفتیان نەبووە”.
ئەو داواکاریانەی کارگەی پاک هەیەتی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی جێگایەکی باشو شیاوترە تا بتواندرێت کارەکەیان فراوانترو بەرەو پێشبردنی زیاتری بۆ بکرێت کە دەبێتە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری هەلی کارکردن بۆ گەنجان.
سەرباری ئەوەش هێشتا بەشێک لەهاوڵاتیان رۆژانە سەوزەی ئامدە نکراو دەکڕنو خۆیان لەماڵەوە دەیشۆنەوە، کە یەکێکە لەخۆراکە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان،
شەوبۆ مەجید، خانمێکی شاری سلێمانییەو سەوزەی ئامادە نەکراو دەکڕێتو دەڵێت “ئەو سەوزەیە خۆم پاکی نەکەمو نەیشۆمەوە دڵم ئیسراحەت ناکات، هەر لەکۆنەوە وا راهاتوین خۆمان بۆ ژەمەکانی خواردن لەگەڵ ئامادە کردنی خواردندا سەوزەکەش پاک بکەینو بیشۆینەوە”.
سەوزەو میوە یەکێکە لەو خواردنانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕۆژانە بەکاردەهێندرێتو خواستێکی زۆری لەسەرە، بەشێکی زۆری لەناوخۆدا بەرهەم دێتو بەشیکیشی لەدەرەوەی ناوخۆ بەرهەم دێت.