ئا: زریان محەمەد
لەسنوری پارێزگای سلێمانیو بەدیاریکراوی لەئیدارەی ڕاپەڕین (رانیە) دوو کارگەی دروستکردنی دەرگا کار دەکەنو بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوەو لەناوخۆدا ساغی دەکەنەوەو بەشێکی زۆریش لەبەرهەم هێنانی دەرگا هەناردەی وڵاتانی عەرەبی دەکەن.
محەمەد حسێن، خاوەنی کارگەی ڕێبەر ڕەسوڵ بۆ دروستکردنی دەرگای کۆمپۆزێت بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند “کارگەی ڕێبەر ڕەسوڵ بۆ دروستکردنی دەرگای کۆمپۆزێت لەساڵی (٢٠١٤)وە دامەزراوە لەسنوری ئیدارەی راپەڕین لەڕانیە بەردەوام کار دەکاتو توانیومانە بەرهەم هێنان بەشێوەیەکی باش ئەنجام بدەین”.
ڕاشیگەیاند “لەکارگەکەماندا دەرگای پلاستیک بەرهەم دەهێنینو بێجگە لەدەرگا فوومو چوارچێوەی دەرگاو کەپی دەرگاو پەناڵو پلاستیکیو دروست دەکەینو بۆ هەموو عێراقو کەنداوو سعودیەو کوێتوعمانو الاردنو میسرو ئیمارات هەناردەی دەکەین بەشێوەیەکی کوالێتی بەرزو گونجاو کە گرێنتی پێنج ساڵی هەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا کارگەکەیان توانیویەتی، بەردەوام لەهەوڵدابن بۆ بەرەو پێش بردنی نەخشو کوالێتی بەرز کە تا ئێستا بەرهەمەکانیان گلەییان لەسەر نەبووەو لەلایەن هاوڵاتیانو خاوەنکارانو کۆمپانیاکانەوە پێشوازی باشی لەسەرە، هەر ئەمەش وایکردووە هەناردەکردنمان بەشیوەیەکی کوالێتی بەرز بۆ وڵاتانی عەرەبی بەردەوام بێت.
لەبارەی دەستکەوتنی بەرهەمە سەرەتای کارگەکەیان دەلێت ” بەرهەمی سەرەتایی لەئێرانو تورکیاو روسیاو کۆریاو چینو بەرازیل هاوردە دەکەین، پاشان لەکارگەکەی خۆماندا کاری پێدەکەینو بەرهەمی دەرگاو پێداویستیەکانی لێبەرهەم دەهێنین”.
لەکارگەکەدا زیاد لە٢٠٠ کەس کار دەکات کە توانیویانە دەرفەتی کارکردن لەناوچەکەدا بڕەخسێنن، بۆ گەنجانو ئەو کەسانەی بێکارن، محەمەد حسێن وتی “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی کارەکانمان بکاتو هاندەرمان بێت بۆ پێشخستنی کارەکانمان نەک ڕێگریمان لێبکات، کە لەئێستادا حکومەت لەجیاتی هاوکاری لەهەوڵدایە بەخشینی گومرگی هەر نەهێڵێت لەجیاتی ئەوەی هاوکاری کارگەکان بکات، بەمەش ئێمە ناتوانین لەبازاڕدا کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو بکەینو کوالێتی بەرهەمەکانمان کەم بکەینەوە تا کێبڕکێ بکەین لەگەل بەرهەمی ولاتانی دیکە، بەمەش هاوڵاتیان لەڕوی کوالێتی باشەوە توشی زیان دەبن”.
داوش دەکەن حکومەتی هەریم کار بکات بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لەفەرمانگە حکومیەکانو بەخشینی ١٠٠٪ بۆ پێداویستیەکانی کارگەکانیان کاتێک هاوردەی دەکەین.
توانا محەمەد، خاوەنی کارگەی سامرەند بۆ دروستکردنی دەرگا لەڕانیە بەڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی ڕاگەیاند “کارگەی سامرەند بۆ دروستکردنی دەرگای کۆمپۆزت ساڵی 2018 دامەزراوە، دەرگای کۆمپۆزت که پێکهاتووە لەتەختەو پلاستیک ،تەنها دەرگا دروست دەکەینو بۆ ساغکردنەوەی پشت بەهەموو عێراق دەبەستین لەگەڵیدا کوەیتو سعودیەو ئوردنو دەرگاکانمان لەڕووی کوالێتیەوە کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو دەکات لەڕووی دیزاینەوە پێشەنگینو گرنگی تەواوی پێدەدەین، هاوڵاتیان بەرهەمی ئێمەیان زۆر بەدڵە هەم لەڕووی کوالێتی هەم دەرگاکان لەسەر پێوەڕی خۆیان دروست دەکرێت”.
راشیگەیاند “بۆ دروستکردنی دەرگاکان بەرهەمی سەرەتایی لەتورکیاو ئێرانو چینو ئیتاڵیا دەهێنین کە دەتوانین پێداویستی بازاڕی پێ پڕ بکەینەوەو لەناو کارگە دەرفەت بۆ ٣٠ کەس رەخساوە ڕۆژانە کار دەکەنو سوودمەندن لەکارگەکەمان”.
ئەوەش رووندەکاتەوە حکومەت تا ئێستا وەکو پێویست بەدەم داواکاریەکانیانەوە نەچووە لەزۆر ڕوەوە گومرگو داخڵ بوونی بەرهەمی دەرەکیو ڕایی کردنی کاروباری کارگە لەڕۆتینات ئەمە بۆتە هۆی دروست نەبونی دڵنیایی لەسەر گرنگیدان بەکارەکەیانو زیادکردنی بەرهەمو گەورەکردنی کارەکەیان.
تەواوی خاوەن کارگەکان لەهەرێمی کوردستاندا داوادەکەن پشتیوانی بکرێنو حکومەت بەجدی کار بکات بۆ سەرکەوتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.