بەدروشمی بەرەو (جوڵەی بازاڕ و هەلی کار و ئاوەدانی)، بە ئامادەبونی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و پارێزگاری سلێمانی و ڕاوێژکاری ھونەری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و وەبەرهێنەران و بەرپرسانی یەکە ئیداریەکانی سلێمانی و کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ، بۆ ساڵی دووەم لەشاری سلێمانی کۆربەندی ئابووری سلێمانی ۲٠۲۳ پێشانگای وەبەرهێنان و هەلی کار کرایەوە.
ئەم کۆڕبەندە کار دەکات بۆ زیاتر گرینگیدان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی هەروەها ڕاکێشانی سەرنجەکان و دروست کردن و بوژانەوەی ئابوری بازاڕ .
د.هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی لەوتەیەکدا ڕایگەیاند” شاری سلێمانی بۆ ساڵی دووەم توانیویەتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەژمارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان یەکەم بێت و توانیویەتی تائێستا یەکەمی هەموو پارێزگاکانی عێراق بێت لە پرۆژەکانی پیشەسازیدا کە لەسەدا ۳۱ هەموو پیشەسازی عێراق لە سلێمانیە وە لەسەدا ٦٠ هەموو پیشەسازی هەرێم لە سلێمانیە و یەکەمە لەڕوی گەشتیاری و کشتوکاڵیەوە کە ئەمساڵ زۆرترین ڕێژەی گەنمان لەهەموو عێراق بەرهەم هێناوە”.
راشیگەیاند “ئەو کۆگایانەی کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دروستیان کردووە بۆ هەڵگرتنی خۆراک بۆتە جێگایەکی ستراتیژی بۆ هەموو عێراق کە دوو ساڵی کۆرۆنا تواندرا خۆراکێکی زۆر لە گەنجینەکاندا هەبێت نرخیش گران نەبێت بۆ هەموو عێراق دابینبکرێت و توانیمان قەبارەی بازرگانی زیاد بکەین بەجۆرێک پێش کۆرۆنا قەباری بازرگانی لە ساڵێکدا دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە بەڵام لەو دوساڵەدا بەرزبۆوە بۆ شەش ملیار دۆلار لە ڕێگەی شەش دەروازەی سنوری سلێمانی کە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە کە توانیومانە پێشەنگ بین لەکاری بازرگانی ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ببێتە یەکەم ژوور لەسەر ئاستی عێراق بۆ ئەو کارو چالاکیانەی هەیبووە لەپەیوەندییە دیبلۆماسیەکان و هاوکاریەکانیان و ئەو کەرەستە کوالیەتیە بەرزانەی هاوردەی دەکەن بۆ هەموو عێراق”.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆڕبەندەکەدا ڕایگەیاند “ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام کاریکردووە بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و کەرتی کشتوکاڵی وە پشتیوانی تەواوی بەرهەمە خۆماڵیەکان بووە کارئاسانی تەواو کردووە بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان کە بتوانن بەرهەمی ناوخۆی زیاد بکەن و هەوڵی هەناردەکردن بدەن و دەرفەتی کار زیاتر بکەن”.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆڕبەندەکەدا بەشداریکردووە و توانیویەتی نوێترین ڕێبەری بازرگانی ئەلکترۆنی بەبازرگانان و وەبەرهێنەران بناسێنێت دەتوانن لەو ڕێبەرە بازرگانیەدا ناو زانیاری کۆمپانیاکەی وەک پرۆفایلی تایبەت بەخۆی و کارەکەی تۆمار بکات کەئەوەش دەبێتە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی کارەکانیان لەهەموو شوێنێکدا.
کۆڕبەندەکە لە ڕۆژانی ٦/۸ بۆ ٦/۱٠ بەڕێوە دەچێت بەئامادەبونی لایەنە حکومیەکان و کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران و دامەزراوە ئابوریەکان و لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق و کۆنسولگەری و نوێنەرانی ووڵاتان ئامادە دەبن.