ئا: زریان محەمەد
لەشاری هەڵەبجە خانمێک کارگەیەک دادەمەزرێنت چەندین بەرهەمی بەهێزکردنی قژو برژانگو برۆ لەجۆری سابونو کرێمو شامپۆ بەبراندێکی تایبەت بەخۆی دەخاتە بازاڕەوەو لەتوانایدایە بەرهەمەکانی پێداویستی هەرێمی کوردستانو عێراق دابین بکاو لەهەوڵی هەناردەکردنیشیدایە.
شەنگە عوسمان حسێن، خاوەنی کارگەی شەنگە لەشاری هەڵەبجە چیرۆکی دەستپێکردنی کارەکەی بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی گێڕایەوەو وتی “درێژیو زۆری قژم وایلێکردم بیبڕمو کورتی بکەمەوە، بەڵام پاش ماوەیەک پەشیمان بومەوە لەو بڕیارەی دابوم، حەزم دەکرد قژم جارێکی دیکە درێژ بێتەوە، بەڵام قژم درێژ نەدەبۆوەو بەردەوام هەوڵم دەداو جۆرەها شامپۆو سابونو پێکهاتەکان کە لەبازاڕدا بون بەکارم دەهێنا، بەڵام سوودیان نەبوو قژم هەر درێژ نەدەبۆوە، هەربۆیە پەنام بردە بەر ئینتەرنێتو چەندین زانیاریو پێکهاتە لەسەر درێژ کردنەوەی قژم خوێندەوەو پاش ئەنجامدانی پێکهاتەکان کە خۆم دروستیم دەکرد هەستم بەسەرکەوتن دەکردو بڕیارمدا کارگەیەک دامەزرێنمو دەست بەبەرهەمهێنان بکەم”.
سەبارەت بەو بەرهەمانەشی کە کارگەکەیان بەرهەمی دەهێنێت، شەنگە وتی “كارگەیەكی خنجیلانەی بچوكمان هەیە كە كۆمەڵێک بەرهەمی سروشتی لەخۆ گرتوە بەهەمەكانمان لەمانە پێکهاتون سابون ـ كرێم ـ شامپۆ ـ بە هەموو جۆرەكانیەوە لەگەڵ كۆمەڵێک بابەتی جوانكاری”.
ئاماژە بەوەش دەکات ئەو کەرەسانەی بۆ بەرهەمەکانی بەکاریدەهێنیت وەک مادەی سەرەتایی بەشێکیان لەناوخۆ دەست دەکەوێتو بەشێکیشیان لەدەرەوە هاوردە دەکەن، ئەو وتی “ماددە سەرەتایەكان زۆربەیان لەوڵاتی مەغریبو كۆمەڵێک وڵاتی دیکە هاوردەی دەکەین تەنها زەیتە سروشتیەكان لەناوخۆ دەستدەكەوێت كە خۆمان بەرهەمی دەهێنین”.
وتیشی “بەرهەمەكانمان زۆرن خۆی دەبینێتەوە لەجۆری سابونی زەردەچەوەو سابونی قاوەو سابونی ڕەشکەو سابونی جاترەو سابونی نیلا، سابونی برنجو سیرۆم بۆ برژانگو برۆو قژو دەموچاوو کرێم بۆ دەموچاوو سپرای بۆ بنبرکردنی موو، زەیتو زەیتی دەنکی هەنارو زەیتی ناوکی ترێ زەیتی گوڵ، لەڕووی كوالێتیشەوە بەرهەمەکانمان كوالێتییان زۆر بەرزەو بێ ڕكابەرین، توانای ئەوەشمان هەیە رکەبەری بەرهەمی دەرەکی بکەین”.
شەنگە جەغت لەوەش دەکات کە توانای بەرهەمهێنانیان لەئاستێکی بەرزدایەو نەک دەتوانن پێداویستییەکانی بەرهەمی ناوخۆ دابین بکەن، بەڵکو لەهەوڵی ئەوەشدان بەشێک لەبەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوە بکەن، ئەو وتی “توانای بەرهەمهێنانمان زۆرە، چەندمان بوێت دەتوانین بەرهەمی بهێنین، هەمو بەرهەمە سەرەتایەکان لەبەردەستماندا هەیە، تەنانەت بۆ هەناردە کردنی بەرهەمەکانمان بۆ دەرەوەش ئامادەینو دەتوانین بەرهەمەكانمان بنێرینە دەرەوە چونکە کوالێتییان بەرزەو دەتوانن لەبازاڕەکانی دەرەوەدا جێگەی خۆیان بکەنەوە”
خاوەنی کارگەی شەنگە لەشاری هەڵەبجە وەک زۆربەی خاوەن کارگەکان رەخنەی ئەوە لەحکومەتی هەرێم دەگرێت کە پشتیوانیو هاوکارییان ناکات، ئەو وتی “نەخێر بەهیچ شێوازێك حكومەت هاوكاری نەكردوین، خۆمان هەستاوین بەهەموو كارێک، ئەوەی پێویستە کە حکومەت بیکات کەمکردنەوەی باجە لەسەر ئەو کارانەی دەیکەین تا بتوانین کارەکەمان فراوانتر بکەین”.
وتیشی “لەئێستادا کارەکانمان بەشێوەیەکە بەسێ کارمەند بەڕێوە دەڕوات، بەڵام لەداهاتودا ئەگەر پشتیوانی بکرێینو بەرهەمەکانمان لەتەواوی عێراقدا بڵاوبکەینەوە، پێویستمان بەدەستی کاری زیاتردەبێت، هەوڵ دەدەین ڕێژەی زیاتر بخەینە بەردەستی بەکارهێنەرانمان کە بەردەوام داواکاری لەسەرە، لەو کاتەشدا پێویستمان بەدەستی کاری زیاتر دەبێو دەتوانین هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانمان بڕەخسێنین لەشاری هەڵەبجە، فێگومان لەئێستادا بەشێکی زۆر لەخانمان ڕو لەکارکردن دەکەن بەپێی تواناو شارەزاییان پرۆژەی بچوک دادەمەزرێننو چەندین دەرفەتی کارکردن دەڕەخسێن، پێویستە حکومەت پشتیوانیو هاوکاری تەواویان بکات”.
شەنگە ئەوەش روندەکاتەوە کە توانیویانە بەرهەمەکانیان لەهەموو کوردستان بڵاوبکەنەوە، ئەو وتی “توانیومانە بەرهەمەکانمان لەڕێگەی پەیجی تایبەت بەخۆمانو چەند جێگەیەکی فرۆشتن بڵاو بکەینەوە بە شێوازێکی باش. پلانیشمان هەیە لەداهاتوودا بەشێوازێکی زیاتر بڵاوی بکەینەوەو هەموو عێراقیش بگرێتەوە”.