یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی وەبەرهێنان لە بانکی ناوهندی عێراق رایگهیاند، ناتوانن پەنجەرە بۆ فرۆشتنی ڕاستەوخۆی دۆلار به هاوڵاتیان بکەنەوە، دەشڵێت، “فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان پێشێلکردنی هەمو ڕێسا و یاساکانی نێودەوڵەتییە”.
محەمەد یونس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنان له بانکی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “ناتوانرێت پەنجەرە بۆ فرۆشتنی ڕاستەوخۆی دۆلار بە هاوڵاتیان بکەینەوە، ڕێوشوێنەکان بەردەوامن بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار، بەدواداچون و چاودێری بۆ هەمو گواستنەوەیەکی دارایی دەکرێت لەلایەن بانکی ناوەندییهوه لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمی فرۆشتنی پارەی نەختینەییەوە”.
ئاماژهی بهوهشكرد، کارەکان لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە بۆ بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمو یاسا نێودەوڵەتییەکان بگونجێت، زیان بە ناوبانگی عێراق و بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکان نەگەیەنن لە ئەگەری بونی هەر کەموکوڕییەک لەم گواستنەوەیانەدا.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنانی بانکی ناوەندی عێراق دەشڵێت، “حەواڵە وەرگیراوەکان دەستی بە بەرزبونەوە کردوە، پێشبینی دەکەین بانکی ناوەندی بگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، بانکەکە ڕۆژانە فرۆش و حەواڵەی نەختینەیی خۆی بڵاودەکاتەوە، کە لە ئێستادا لە نێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلاردایە، جگە لە فرۆشتنی نەختینەیی”.
ئهو بهرپرسهی بانكی ناوهند هەروەها وتی، “بانکی ناوەندی کارێکی زۆر دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەو کێشانەی کە بانک و بازرگانان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە پرۆسەی گواستنەوەی داراییدا، نرخی دۆلار وردە وردە دەستی بە دابەزین کردوە کە ئەمەش وەک ئەنجامێکە”.
سەبارەت بە ئەگەری کردنەوەی پەنجەرەیەک بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان بە ژمارەی دیاریکراو لە مانگێکدا، محەمەد یونس وتی، “بەگوێرەی ئەوەی دراوی نیشتمانی عێراق نییە، دۆلار لەبەردەستی هیچ هاوڵاتییەکدا نییە، دەبێت دۆلار تەرخان بکرێت بۆ مامەڵەکردن لە دەرەوەی عێراق بە مەبەستی دابینکردنی دارایی بازرگانی و گەشت و چارەسەرکردن و خوێندن”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا رونیکردەوە، کردنەوەی پەنجەرەیەک بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان “پێشێلکردنی هەمو ڕێسا و یاساکانی نێودەوڵەتییە”.