لەڕێی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، نووسراوێك ئاراستەی دەستەی ژینگە دەكرێت تا لە شوێنی داری بێبەر، داری میوە بچنێرێت. چالاكێكیش دەڵێت میوەكان باشتریش گەشە دەكەن و سوودێكیشیان دەبێت.
ئێستە لە زۆر لە وڵاتان بۆ سەوزایی شەقامەكان، لە شوێنی داری تر داری میوەدار و بەرهەمدار دەچێنن، ئەمەیش هەم لەڕووی ژینگەوە سوودی خۆی هەیە و هەم خەڵكیش سوودی لێ وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی ئایار، كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، راگەیاند، لیژنەكەمان لە ڕێی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، نووسراوێكی ئاراستەی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كردووە.
زیاتر وتی، نووسراوەكە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین وەزارەتی پەروەردە و تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكان كردووە، لەجیاتی داری بێبەر كار لەسەر چاندنی داری بەردار لە شوێنە گشتییەكان و باخچەكان و ناوەندەكانی خوێندن و تەواوی ئەو شوێنانە بكەن كە لایەنە پێوەندیدارەكان بەگونجاوی دەزانن.
هەرێم رەسووڵ چالاكی بواری ژینگە، راگەیاند، چاندنی داری بێبەر ئێستە مۆدێلی بەسەرچووە و لە بەشێكی زۆری وڵاتان رایان گرتووە، چونكە بەشێوە گشتییەكە یەك سوودت پێ دەدات.
ئاماژەی بەوەشدا، داری بەردار لە پاكی ژینگە و پێدانی ئۆكسجین یارمەتیدەرە و ئەوە سوودە گشتییەكەیەتی، لە هەمان كاتدا بەرەكەشی دەتوانی سوودی لێ وەربگری، ئەمەیش سوودی زیاتری هەیە و كەسانێكیش دەتوانن بۆ بژێوی ژیانیان سوودی لێ وەربگرن.
بە وتەی ئەو چالاكە، دارەكانی پرتەقاڵ و هەنجیر و هەنار و هەنگی دنیا و توو و چەند دارێكی تر هەن، لەگەڵ ژینگەی كوردستان گونجاون و دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.