ئا: بازرگانیو پیشەسازی
جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، یاسین رەحیم فەرەج داوا لەهەموو رێكخراوو ناوەندە ئابورییەكان دەكات لەژێر چەتری ژووری بازرگانیو پیشەسازیدا خۆیان رێكبخەنەوەو كاری هاوبەش بكەن، ئەو دەڵێت “داواكاریشین بەزووترین كات كۆبوونەوەی نێوان ژوورە بازرگانیەكانو لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەو ئاریشە ئابورییەكان”.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، یاسین رەحیم فەرەج بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەنیازە بەمەبەستی خۆرێكخستنەوەو ئەنجامدانی كاری هاوبەش دەستی هاوكاری بۆ هەموو ئەو رێكخراوو ناوەندە ئابورییانە درێژ بكات كە لەشاری سلێمانی كارو چالاكی ئەنجام دەدەن، ئەو وتی “مەبەست لەم دەستپێشخەرییە كۆبوونەوەو لێنزیك كردنەوەی ئەم ناوەندانەیە لەیەکتری بۆ ئەوەی رۆڵێكی كاریگەرترو پێكەوەیی ببینن بەئامانجی پێشخستنی پڕۆسەی ئابوری لەپارێزگای سلێمانی بەتایبەتیو لەهەرێمی كوردستاندا بەگشتی، چونكە ئامانجی هەموومان گەشەی ئابوریو بازرگانییە”.
وتیشی “دەمانەوێ لەرێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو بازرگانانانو ئەو رێكخراوو ناوەندە ئابورییانەی كە دەیانەوێ داكۆكی لەكاری بازرگانیو ئابوری ئازاد بكەن، تا پێكەوە بتوانین وەك گروپێكی گوشاری كارا كاری هاوبەش بكەین”.
هاوكات جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان ژوورە بازرگانیو پیشەسازییەكان دەكات لەگەڵ راوێژكارانی ئابوری سەرۆكی حكومەتو لەگەڵ لیژنەی باڵای ئابوریو وەزارەتەكانی بازرگانیو پیشەسازیو كشتوكاڵو دەستەی وەبەرهێنانو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بەمەبەستی چارەسەر كردنی ئەو گرفتو كێشانەی روبەڕووی سێكتەرە ئابورییەكان بوونەتەوە، ئەو وتی “ئێستا كوردستان پێویستی بەوەیە لەڕووی ئابورییەوە لەمە زیاتر نەكەوێتە گێژاوی قەیرانو كێشەوە، بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێمو لایەنە پەیوەندیدارەكان گوی لەپێشنیارو پڕۆژەو داواكارییەكانمان بگرن تا بەئارامی ئەم قەیرانو كێشانە تێپەڕێنین”.
وتیشی “ئێمە وەك ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی پلانمان هەیە لەسەر دوو ئاست ئیش بكەین: یەكەمیان، هەوڵ ئەدەین هەموو رێكخراوو ناوەندە ئابورییەكان لەژووری بازرگانیو پیشەسازی نزیك بخەینەوە، بۆ ئەوەی ژووری بازرگانی ببێتە چترێك لەسایەیدا هەموویان كۆببنەوەو بەرامبەر بەهەر رووداوو پێشهاتێكی ئابوری هاوهەڵوێست بینو گفتوگۆیەكی ناوخۆیی لەنێوخۆماندا ئەنجام بدەینو بەشێوەیەكی رێكخراوتر كاری هاوبەشو پێكەوەیی بكەین. دووەمیشیان، وەك نوێنەری هەموو بازرگانو پیشەسازكاران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببینەوە تا پێكەوە پلانی هاوبەشو سیاسەتی ئابوری دابڕێژین بەمەبەستی چارەسەر كردنی ئەو كێشەو گرفتانەی ئاستەنگو رێگرن لەبەردەم گەشەی ئابوریدا”.