وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی نەوت و داهاتی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاندووە، داهات زیاترە لە 7.5 ملیار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوت “سۆمۆ”، بڕی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل نەوت.
بڕی داهاتی فرۆشتنی نەوتیش لەو مانگەدا حەوت ملیار و 610 ملیۆن و 850 هەزار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوت دابەشكاریی نەوتی هەناردەكراوەی بەپێی ناوچەكان ئاشكراكردووە، زۆربەی نەوتی عێراق لە ناوەڕاست و باشوورەوە هەناردە دەكرێت، بڕی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 95 ملیۆن و 860 هەزار و 149 بەرمیل نەوت بووە لەمانگی ڕابردوودا، هەروەها بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە تەنها دوو ملیۆن و 32 هەزار و 685 بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوتیش لەو مانگەدا، بەپێی وەزارەتەكە، بۆ هەر بەرمیلێک 77.510 دۆلار بووە.