لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی جەنگی ئۆكراینا و چاكبوونەوەی ئابووری دنیا و كرانەوەی كارگەكان و ئاساییبوونەوەی تەواوەتی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان وڵاتان، خواست لەسەر وزە زیادی كرد، بەوەیش نرخی نەوت تا ئاستێكی زۆر بەرز بووەوە، عێراق یەكێكە لە هەناردەكارە سەرەكییەكانی نەوت، بۆیە پارەیەكی زۆر لە زیادبوونی نرخی نەوتی دەست كەوتووە، بەڵام چی بەسەر دێت؟
عەبدورەحمان مەشهەدانی، شارەزای ئابووری رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕی زیاتر لە 45 ملیار دۆلار زیادەی سەر نرخی فرۆشتنی نەوت كەڵەكە بووە، واتە كۆی فرۆشتنی نەوت لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو گەیشتووەتە نزیك 50 ملیار دۆلار، لەو كاتەی خەرجی مانگانە گەیشتووەتە پێنج ملیار و نیو، بۆیە زیادەیەكی زۆر لە داهاتی فرۆشتنی نەوت هەیە.
روونی كردەوە، ئەو زیادە یەدەگە بۆ حكوومەت نەوەك بانكی ناوەندی، ئەگەر لەو بانكەیش هەڵبگیرێت، وەك ئەمانەتە لەوێ، ئێستە بەپێی یاسا حكوومەت بڕی 1/12ی بودجەی ساڵی رابردوو خەرج دەكات، ئەگەر بەو شێوەیەیش بمێنێتەوە بێ پەسندكردنی یاسای بودجەی 2022، كۆی خەرجییەكان لە هەر بەرمیلێك لە سنووری نزیكەی 70 دۆلار دەبێت.
مەشهەدانی ئاماژەی كرد كە پێویستە حكوومەت روونی بكاتەوە، چارەنووسی پارەی زیاد لە 70 دۆلار لە فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت لە كۆتای ئەمساڵ چییە؟، لەوكاتەی دەبێت ئەو پارە زیادە بخرێتە سەر بودجەی 2023، لە كۆتادا حیساباتی وەزارەتی دارایی ئەوە روون دەكاتەوە.
ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق پێشنیازی یاسایەك لەلایەن لیژنەی داراییەوە كراوە و دوو خوێندنەوەی بۆ كراوە بەناوی پاڵپشتیی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدان، واتە تەرخانكردنی بڕێك پارە لەو زیادەی سەر نرخی نەوت بۆ چەند بوارێكی پێوەست بە پسوولەی خۆراك و كڕینی گەنم و پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و مووچەی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی و دانەوەی قەرزی كارەبای ئێران و هیتریش، بەڵام بە هۆی ناكۆكیی سیاسی لە نێوان لایەنە شیعەكان ئەو یاسایە بووەتە قوربانی و گومانی گەندەڵی خراوەتە سەر.