بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، لە كێڵگەی كۆرمۆرو چەمچەماڵی هەرێمی كوردستانەوە توانای ئەوە هەیە غاز نەك تەنها بۆ بازاڕە ناوخۆییەكانی كوردستان و عێراق بەڵكو بۆ بازاڕەكانی دیكە لە توركیاو ئەوروپاش دابین بكرێت.
پاتریك ئەڵمان وارد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز، بە ماڵپەڕی “ئێس پی گڵۆباڵ”ی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتى هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان بۆ فراوانکردنى کێڵگە کۆرمۆرى چەمچەماڵ بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى 250 ملیۆن پێ سێجا غاز، بەوەش پێشبینی كردوە ئاستى بەرهەمهێنانى غاز تا سێ ساڵى دیکە بگەیەنرێتە 950 ملیۆن پێ سێجا.
سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا، وتویەتی، هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە توركەكان پێشتر هێڵی غازیان تا سەر سنور راكێشاوە، ئەوەش وا دەكات هەوڵێكی زۆر پێویست نەبێت بۆئەوەی سیستمی غازی هەرێم بە توركیاوە ببەستریتەوە.
هەروەها وتوشیەتی”چەند ساڵێكە تێبینی بونی سامانێكی زۆرمان لە كێڵگەی كۆرمۆرو چەمچەماڵ كردوە كە توانای ئەوە هەیە غاز لەم كێڵگانەوە نەك تەنها بۆ بازاڕە نێوخۆییەكانی كوردستان و عێراق بەڵكو بۆ بازاڕەكانی دیكە لە توركیا و یەكێتی ئەوروپاش دابین بكرێت.”