دامەزراوەی ستاندارد ئەند پورز پێی وایە، ئابووری توركیا خراپتر دەبێت

دامەزراوەیەكی ئابووری و دارایی نێودەوڵەتی پێی وایە، ئاسۆی ئابووری توركیا خراپتر دەبێت و بەپێی ئەو پێشبینییانەی كردوویەتی، ئاسۆی ئابووری توركیا لە دۆخی جێگیرەوە بۆ دۆخی نەرێنی دەگۆڕێت.

“ستاندارد ئەند پورز” لە پێشبینییەكەیدا هۆشداری داوە، ئەگەر بەهای لیرە بەهۆی سیاسەتەكانی توركیا لەمە زیاتر دابەزێت، ئەوا دۆخی دارایی ئەو وڵاتە خراپتر دەبێت و كاریگەری خراپی بۆ سەر كەرتی دارایی و بانكی دەبێت.

لە چەند ساڵی رابردوودا سیاسەتە هەڵەكانی توركیا وایكردووە، ئەو وڵاتە لە رووی ئابوورییەوە پاشەكشە بكات و لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە رێژەی هەڵاوسانیش بەرزتر ببێتەوە.
بۆ سەرخستنی ئەو ویستەی خۆی، چەندان جار سەرۆكەكانی بانك و دامەزراوە ئابوورییەكانی وڵاتی گۆڕیوە.

ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بە هەڵبەز و دابەزی نرخی لیرە و هەوراز و نشێوەكانی هەڵاوسان و دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە لە 12 مانگی داهاتوودا كردووە .

بەگوێرەی بی بی سی، ئەردۆغان سیاسەتی كەمكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی پێڕەو كردووە و پێی وایە، ئەم كارە بۆ گەشەی ئابووری توركیا زۆر گونجاوە و بۆ سەرخستنی ئەو ویستەی خۆی، چەندان جار سەرۆكەكانی بانك و دامەزراوە ئابوورییەكانی وڵاتی گۆڕیوە.

سەرۆك كۆماری توركیا پێی وایە، كەمكردنەوەی سوودی بانكی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەناردە و ئەمەش پەرە بە كەرتی ئابووری توركیا دەدات.

نرخی دۆلار نزیكەی 14 لیرەیە و رێژەی هەڵاوسانیش لە توركیا گەیشتووەتە 20%، ئەمەش لە سێ ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە. بڕیارە لە ساڵی 2023 لە توركیا هەڵبژاردن بكرێت. حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا رەخنەیەكی زۆریان لە حكوومەتی توركیا هەیە و پێیان وایە، دەبێ پێش بەوە بگیرێت دۆخی توركیا لەوە خراپتر ببێت.