دادگای پاریس: تورکیا هەڵە نەبوە له‌ هەڵگرتن و گواستنەوەی نەوتی هه‌رێم

سەرچاوەیەک له‌ دادگای پاریس رایگه‌یاند، دادگا بڕیاریداوە کە حکومەتی هەرێم بەشێکە له‌ حکومەتی عێراق و قەوارەیەکی یاساییه‌، بۆیه‌ “تورکیا هەڵە نەبوە له‌ هەڵگرتن و گواستنەوەی نەوتی هه‌رێمی كوردستان” به‌ڵكو ته‌نها لە بارکردنی نەوت بۆ کەشتییەکان لە جەیهان پێشێلکاریی کردوە

کاتێک دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی رۆژی 23ی ئه‌م مانگه‌ بڕیاریدا کە تورکیا گرێبەستی پێشێلکردوە بە بازرگانیکردنی ڕاستەوخۆی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2013ەوە و داوای لە ئەنقەرە کرد 1.4 ملیار دۆلار بدات، بەغدا زۆر خێرا سەرکەوتنی راگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەستخۆشی لە دادگاکە کرد و بەرپرسانی عێراقیش بە خێرایی و بە ئاشکرا سه‌ركه‌وتنیان له‌ میدیاكان راگه‌یاند، هەروەها تورکیا بەرەبەیانی ڕۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ هه‌نارده‌ی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان لە ڕێگەی جەیهانەوە ڕاگرت.

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای له‌ زاری سارچاوه‌یه‌ك لە دادگای پاریسەوە بڵاویكرده‌وه‌، دادگای پاریس بڕیاریداوە کە حکومەتی هەرێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ حکومەتی عێراق، بۆیە تورکیا لەکاتی هەڵگرتن و گواستنەوەی نەوتەکەدا لەژێر ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمدا هەڵە نەبوە، به‌ڵكو ته‌نها لە بارکردنی نەوت بۆ کەشتییەکان لە جەیهان پێشێلکاریی کردوە.

دۆسیەی دادگا وەک تەحەدایەکی یاسایی سەیر دەکرێت کە ناکۆکییەکی بازرگانی لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا دەبڕێت، عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی ڕاستەوخۆی نییە بۆ فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە، وەک ئەوەی ئەنقەرە و هەولێر رێککەوتنیان لەسەر کردوە له‌ ساڵی 2013 و داهاتەکە بخەنە گیرفانیانەوە.

بەغدا لە ساڵی 2014 سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد و داوای قەرەبوی 33 ملیار دۆلاری کرد، مانگی ڕابردو داوای قەرەبوی 58 ملیار دۆلاریان لە ئەنقەرە کردوە بۆ سەرجەم ئەو فرۆشتنە نەوتییانەی کە تا ساڵی 2022 کراوە، بەڵام لە کۆتاییدا دادگا تەنها خەڵاتێکی 1.4 ملیار دۆلاری بۆ ماوەی ساڵانی 2014-2018 به‌ به‌غدا بەخشی.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، دادگا بڕیاریداوە کە تورکیا تەنها بە بارکردنی تانکەرەکان بەو نەوتەی کە بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان گواستراوەتەوە، گرێبەستەکەی پێشێلکردوە، چونکە هەموارکردنی ساڵی 2010 بۆ ITP بەڕونی ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکەى سۆمۆ تەنها ئەو دەسەڵاتە یاساییانە کە دەتوانن فەرمانی بارکردن دەربکەن.

سەرچاوەیەکی دیكه‌ی ڕۆژئاوایی به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی وتوه‌، “پرسێکی دیکە کە بەغدا نایەوێت باسی بکات، داواکارییەکانی تورکیایە لەسەر کۆمەڵێک پرس لە کەمی توانای بۆرییەکە و نەدانی کرێی گواستنەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ، دادگا بەهۆی ئەوانەوە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بوی بە تورکیا بەخشی”.

لایخۆیه‌وه‌ سەرچاوەیەکی تورکی کە ئاگاداری ڕێککەوتنی نەوتی حکومەتی هەرێم و تورکیایه‌ لە ساڵی 2013 رایگەیاند، لە کۆتاییدا هیچ پارەیەک لە گیرفانی ئەنقەرە دەرناچێت بەو پێیەی گرێبەستەکە بڕگەی قەرەبوکردنەوەی لەخۆگرتوە.

ئەم پەرەسەندنە، پێشتر گرژییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێم بەرزکردوەتەوە بەو پێیەی حکومەتی هەرێم لە بنەڕەتدا خزمەتگوزارییە حکومییەکانی لە ڕێگەی داهاتی نەوتەوە بەڕێوەدەبات، کە ساڵی ڕابردو زیاتر لە 5.7 ملیار دۆلار بوە.

هەروەها دادگای فیدڕاڵی عێراق ساڵی ڕابردو بڕیاریدا کە یاسای نەوت و غاز لە هه‌رێمی کوردستانی “نادەستورییە”، داواش دەکات دەسەڵاتدارانی کورد دۆسیه‌كه‌ی بەغدا رادەستبکەن.

بەڵام بەرپرسانی تورکیا پێشبینی دەکەن لە کاتی خۆیدا ڕێککەوتن لە نێوان هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.