رۆژی دووشەممە 4ـی نیسانی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق جارێکی دیکە دادەنیشێت سەبارەت بە سکاڵای ژمارە 32ـی فیدراڵیی ساڵی 2022، کە داوا دەکات نرخی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی بگەڕێندرێتەوە ئەو کاتەی کە تێیدا 100 دۆلار بەرامبەر 120 هەزار دیناری عێراقی بوو.
پێشتر دادگای فیدراڵیی عێراق لە 14ـی ئاداردا سەبارەت بەو سکاڵایە دانیشت و بڕیاریدا دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دووشەممە دوابخات.
لەگەڵ دانیشتنی یەکەمی دادگەی فیدراڵیی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا بۆ دادگاکە رایگەیاند، “بانکی ناوەندیی عێراق گۆڕینی فرۆشتنی نرخی دۆلاری هەڵبژارد بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، چونکە ئەوە تاکە بژاردەی بەردەستی بوو.”
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو بژاردەش هەڵاوسانی بە رێژەیەکی زۆر کەمکردەوە. چەندین بڕیاردران کە دەکرا لە کاریگەری ئەو دابەزاندنە لەسەر چینە کەم داهاتەکان کەمبکەنەوە، بەڵام پابەندی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە نەبوون و وەزارەتی داراییش لەوەدا بەرپرسیار نییە.”
لە روونکردنەوەکەی وەزیری دارایی بۆ دادگا ئەوەش هاتووە، “ئەگەر عێراق بەهای دیناری دانەبەزاندایە ئەوا تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2021 بەهای دینار بەشێوەیەکی خۆڕسک دادەبەزی، چونکە یەدەکی بانکی ناوەندیی ئەوکات لە 67 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی 27 ملیار دادەبەزی.”
بانکی ناوەندیی عێراق لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە هەزار و 180 دینارەوە بۆ هەزار و 460 دینار زیاد بکات.