ئا: رێژەن سەردار
پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی خۆڵبارین لەعێراق‌و کوردستان بەردەوام بێت، به‌رێوبه‌ری كه‌شناسی كشتوكاڵی لەسلێمانی دەڵێت “پێشبینی ده‌كرێت به‌درێژایی وەرزی هاوین كاریگه‌ری خۆڵبارین له‌سه‌ر عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان بەردەوام بێت”.
كارزان له‌تیف مه‌جید، به‌رێوبه‌ری كه‌شناسی كشتوكاڵی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتی با کردە، لەئەنجامی راماڵینی ھەوای خاک دروست دەبێت لەسەرتاسەری گۆی زەوی بەشیوەی خولی رودەدات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی روبەری سەوزاییان کەمە، کەمتر کاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە دەبێ کە شێدارنو سەوزاییان زۆرە، ئەو وتی “ده‌توانین بڵێن خۆڵبارین بریتییه له‌هه‌ڵگرتنی خۆڵی خاك لەڕێگەی باوە لەناوچەیەکی پەستان بەرزەوەو هه‌وایه‌كی سارده‌وه بۆ ناوچەیەکی پەستان نزم‌و هه‌وایه‌كی گه‌رم”.
وتیشی “سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانە یان ناوخۆیینو بەھۆی ئەو هەڵکردنی ڕەشەباوە لەبیابانەکانی خواروو خۆرئاوای عێراقەوە سەرچاوە دەگرن یان دەرەکینو لەوڵاتانی دەوروبەرەوە دێن، وەک ئەو باو رەشەبایانەی لەنیمچەدوورگەی عەرەبی‌و باکووری ئەفریقا ڕوودەدەن”.
به‌رێوبه‌ری كه‌شناسی کشتوکاڵی ئاماژە بەوە دەکات بۆ ڕوودانی خۆڵبارین پێویستە بایەک بەخێرایی 16-24کم یان زیاتر لەکاتژمێرێکدا بەسەر خاکێکی شێواو‌و خٶڵاوو وشکدا تێبپەڕێت، کە توانای ڕاگرتنی ئاو لەو خاکەدا نەماوە، ئەو باو رەشەبایە دەنکۆڵە وردەکانی ئەو خاکە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێو دەبێت بەرەشەبایەکی خۆڵاویو بەرەو هەر شوێنێک هەڵکات خۆڵبارینی تیا روودەدات، ئەو وتی “دیاردەی خۆڵبارین له‌جیهاندا لەم ساڵانەی دواییدا لەبەر چەندین هۆکار زیاتر بووە، به‌ڵام زۆر ناوچه هه‌یه كاریگه‌ری خۆڵبارینی له‌سه‌ر كه‌مه به‌هۆی بوونی سه‌وزایی زۆر و شێداری خاكه‌كه‌ی، له ساڵانی ڕابردوودا خۆڵبارین له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق كاریگه‌ری لاوازتر بوو، لەبەر ئەوەی روبەری سەوزایی لەعێراقدا زیاتر بوو، سەرچاوەی ئاو‌و رێژەی بارانبارین زیاتر بوو، ناوچەی هۆڕەکان وشکیان نەکردبوو، بەنداوەکانی ئاو لەتورکیاو ئێران عێراقیان بەم ئەندازەیە تینوو نەکردبوو، ساڵانی ڕابردوو كه دارخورماكان له‌عێراق زۆر بوو كاریگه‌ری خۆڵبارین لاوازتر بوو”.
وتیشی “یه‌كێك له‌هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی زیاد بوونی خۆڵبارین له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا لهعێراقو هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی وشكهساڵیو کەمی بارانبارین‌و كه‌مبونه‌وه‌ی رێژەی سه‌وزایی، چه‌ندین ناوچه‌مان هه‌یه كه ئه‌گه‌ر خۆڵبارین به‌رده‌وام بێت به‌ره‌و به‌بیابان بوون ده‌چن بەتایبەتی ناوچەکانی گەرمیان، ئەمە جگە لەوەی کە ساڵ بەساڵ روبەری زەوی کشتوکاڵی کەم دەبێتەوەو دەکرێت بەڤێلاو شوێنی بازرگانی، هۆكارێكی تری ئەم خۆڵبارینەش پڕۆژه‌ی گاپە له‌توركیا كه بۆته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی دیجله‌و فورات، دیسان دروست كردنی چه‌ند به‌نداوێكیش له‌ئێران كاریگه‌ری هه‌یه”
به‌رێوبه‌ری كه‌شناسی ئەوە روندەکاتەوە کە سەرچاوەی خۆڵبارینهكان تەنها لەناوخۆی عێراق‌و بیابانەکانی رۆژئاوای عێراقەوە سەرهەڵنادەن، بەڵکو سەرجاوەیەکی دیکەی ئەم خۆڵبارینانەی کە ئێستا روبەرێکی فروانی ناوچەکەی گرتوەتەوە له‌وڵاتانی باكووری ئه‌فریقاوه سه‌رهه‌ڵده‌دات، له‌وڵاتانی جهزائیرو میسر‌و لیبیاوە هەڵدەکاتو بەرەو سعودییه‌و ئوردن‌و عێراق‌و ئێران دێت، واتە روبەرێکی فراوانی باکوری ئەفریقیاو باشوری خۆرئاوای ئاسیا دەگرێتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەم جوگرافیایە، ئەو وتی “پێشبینی ده‌كرێت به‌درێژایی هاوین كاریگه‌ری خۆڵبارین له‌سه‌ر عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان بمێنێته‌وه، لەبەرئەوەی وەرزی نەمانی باران‌و کەم ئاویی‌و بەرزبونەوەی پلەی گەرمایە”.
کارزان لەتیف ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لەوەی خۆڵبارین زیانی گەورەی ته‌ندروستی هه‌یه، کە لەگەڵ رودانیدا دەیانو بگرە سەدان هاوڵاتی لەتاو تەنگەنەفەسی روو دەکەنە نەخۆشخانەکان، هاوکات زیانی ئابوری گەورەشی لێدەکەوێتەوە، ئەو وتی “لەگەڵ روودانی هەر خۆڵبارینێکدا زۆربەی فڕۆکەخانەکان دادەخرێن، زیانی گه‌وره له‌كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌دات بەتایبەتی لەکشتوکاڵی دانەوێڵەو خۆراکیو روەکیو ئاژەڵ، زیانی هه‌یه بۆ كه‌رتی گه‌شتیاریش، چونکە گه‌شتیاران ناچنه شوێنێك خۆڵبارینی تێدا سه‌رهه‌ڵبدات، هاوکات خۆڵبارین ده‌بێته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی سەرچاوەکانی ئاویش”.
به‌رێوبه‌ری كه‌شناسی كشتوكاڵی جەغت لەوە دەکات کە چاره‌سه‌ری خۆڵباراین پێویستی بەکاری هەرەوەزی هەموو وڵاتانی ناوچەکەیەو تەنها بەوڵاتێک چارەسەر ناکرێت‌و پێویستە پێکەوە هاوکاریو کاری هاوبەش بکەن بۆ پاراستنی ژینگە، ئەو وتی ” چاره‌سه‌ری خۆڵباراین کارێکی درێژخایه‌نه‌و پێوستی به‌چه‌ندین پلانی درێژخایهنو كار كردنه بۆ زیادكردنی سه‌وزایی، بەتایبەتی دروستکردنی ئەوەی بەپشتێنەی سەوزیی ناودەبرێت، پێویسته عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان پلانی به‌رده‌وامیان هه‌بێت بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە، چونکە بنبڕکردنی قورس‌و زەحمەتە”.
وتیشی “ساڵی ٢٠١٠ بڕیار درا روبەری سه‌وزایی زیاد بكرێت لهعێراقو لەڕێگەی جاندنی سەدان هەزار درەختەوە پشتێنەیەکی سەوزیی دروست بکرێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك پێوه‌ی سه‌رقاڵ بوون‌و دواتر بەهۆی کێشەی دابینکردنی بودجەی دەستی کار‌و ئاوەوە وازیان لێهێنا، لەئەنجامی ئەمەشدا ئه‌وه‌ی دروست كرا بوو له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ره‌و لهناوچونو وشك بوون رۆشت، لەبەرئەوە چاره‌سه‌ری خۆڵبارین به‌ته‌نها به‌حكومه‌تی هه‌رێم ناكرێت، ده‌بێت به‌درێژایی سنووره‌كانی عێراق سه‌وزایی زیاد بكرێت، ئەمەش بودجەو داهاتێکی زۆری دەوێت”.
كارزان له‌تیف باس لەوەش دەکات کە “ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن كاتی خۆی رژێمی سه‌دام حسێن نه‌وتی لەناوچە بیابانەکانی رۆژئاوادا ده‌ڕشت بۆ نه‌هێشتنی خۆڵبارین، بەڵام هه‌مووی درۆیه‌و ئهسڵو ئه‌ساسی نیه”، ئەو وتی “رژێمی سه‌دام حسێن خۆی هۆكاری ئەم خۆڵبارینهیە لەڕێگەی بڕینه‌وه‌ی دارخورماكانو وشكردنی مێرگ‌و زۆنگو زه‌لكاوه‌كان له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی عێراق‌و ئێران، خۆڵبارین هه‌رگیز به‌ده‌ستكرد دروست ناكرێت، كه‌س ناتوانێ ئه‌م حاڵه‌ته دروست بكات، بەڵکو بەهۆی چەندین فاکتەری جیاوازی سروستییەوەیە”.