ئا: زریان محەمەد
خاوەنی نانەواخانەی بێدارانی شەو، ٥۹ ساڵە کاری نانەوایی دەکاتو ۱۸ ساڵە نانەواکەی بە ۲٤ کاتژمێریی کراوەیەو نانی گەرم بۆ هاوڵاتیان ئامادە دەکات .
عوسمان فەرەج، خاوەنی نانەواخانەی بێدارانی شەو لەشاری سلێمانی بۆ رۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت “لەساڵی ۱۹٦۳وە دەستی بەکاری نانەوایی کردووە، ڕۆژانە بەردەوام سەرقاڵی وەستایەتی بووەو بەردەوام نانی دروستکردووە، ئەو وتی “ئێستا خاوەنی نانەواخانەی بێدارانم لەگەڕەکی مامۆستایان، لەساڵی ۲٠٠٤ەوە ئێمە بە ۲٤ کاتژمێریی نان دروست دەکەینو دەیفرۆشین بەهاوڵاتیان، وامانکردووە هاوڵاتیان بەردەوام نانی گەرمیان دەستبکەویت لەهەر کاتیکدا بیانەویت”.
وتیشی “لەساڵانی شەستەکاندا ۱۲ نان دەدرا بەپەنجا فلس، پاشان نانەوخانەی بازرگانی کرایەوە ئێمە حکومەت ئاردی بۆ دابین دەکردین، یەک فەردە ئارد بە ١ دیناروەرماندەگرتو نانێکمان دەدا بە ٥٠ فلس، نانەواخانە بازرگانییەکان ئاردان لەحکومەت وەرنەدەگرت نانێکیان دەفرۆشت بە ۱٠ فلس، لەبازاڕدا فەردەیەک ئاردیان دەکڕی بە ۳ دینار، بەراورد بە ئێستا نان زۆر گرانە ئەوکات خەڵک پارەی نەبوو، ئێستا خەڵک باشترە پارەی پێیە”.
عوسمان فەرەج دەربارەی ڕەوشی نانەواکان لەئێستادا وتی “جاران نانەواخانەکان هیچ کێشەیەکیان نەبوو حکومەت لەوکاتەدا هەمو شتێکی بۆ دابین دەکردین، ئاردو نەوتو سۆدەو خومرە، بەڵام ئێستا هیچمان بۆ دابین ناکرێت، چەندین کێشەشمان بۆ دروستبووە بەتایبەت زەمانو نرخی کارەباو پارەی ئاو هەمووی گرانبووە لەسەرمان”.
خاوەنی نانەواخانەی بێدارانی شەو نیگەرانەو وتی “هیچکات بێتاقەت نەبووم لەپیشەکەم، بەڵام لەماوەی دروستبونی ئەو هەموو کێشەیە بۆمان دروست دەکەن بەتەواوی بێزاربووم، پێمخۆشە واز لەکارەکەم بێنم هەر منیش نیم وەک نانەوا بێزار بم هەموو ئەوانەی کاردەکەن ئیشێکی تریان دەستکەوێت وازدەهێنن”.
وتیشی “داواکاریو چارەسەر کردنی کێشەکانمان داوەتە دەست حکومەتو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام هیچمان بۆ ناکەنو نایەن بەدەمانەوە ، سوپاسی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیش دەکەم کە خەمخۆرانە بەردەوام لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانماندایەو گەیاندویەتی بەلایەنە پەیوەندیدارەکان”.