بەبەشداری زیاتر لە ۱٠٠ کۆمپانیا خولی حەڤدەهەمین پێشانگای ساڵانەی نێودەوڵەتی DBX لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانیکرد.
ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٤ لە ناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە گەرەکی تاسڵوجە، پێشانگای نێودەوڵەتی DBX ساڵانە کرایەوە، کەتیایدا زیاتر لە ۱٠٠ کۆمپانیا بەشداریان تێداکردبوو لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل،وەبەرهێنان،پیشەسازی،خۆراکی، پاکەرەوە، پزیشکی، خوێندن و زانست، بەشداربوان تازەترین کارەکانیان و بەرهەمەکانیان نمایش کردبوو بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان و پیشەسازان.
کۆمپانیا بەشدارەکان بەشێکی زۆریان نێوخۆی بون ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی دراوسێ و بەشداریانکردبوو وە کۆمپانیا جیهانیەکان لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشداریانکردووە نوێترین بەرهەمەجیهانیەکانیان نمایش کردبوو لە پێشانگاکەدا.
لە خولی حەڤدەهەمین پێشانگای DBX بەشێک لە نوێنەری ووڵاتان و جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد، وەکیل وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە ئیداریەکانی پارێزگای سلێمانی بەشداربوون.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕاگەیاند” پیشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەیەكێك لە پێشانگا ستراتیجی و گرنگەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، ئەم پێشانگایە دوای ئازادی عێراق لە ساڵی 2006 دا بنیاد نراوە، لەهەمان ساڵداو لە رێكەوتی 11/11/2006 دا یەكەم پێشانگای نێودەوڵەتی تێدا بەرێوەچوو ، تا ئێستا زیاتر لە 40 پێشانگای نێودەوڵەتی و ناوخۆی تێدا كراوەتەوە”.
راشیگەیاند” شاری سلێمانی بە گرنگترین شاری پیشەسازی عێراق دادەنرێت كە زۆرێك لە پیشەسازییە قورسەكان دەكەوێتە ئەم شارەوە وەك كارگەكانی دروستكردنی چیمەنتۆ، دەرمان ، خشت، ئاسن، شیرەمەنی، بەرهەم هێنانی قتوی ئەلەمنێۆم ….. هتد، شاری سلێمانی بوژانەوەیەكی بەرچاوی بیناسازی تێدایەو چەندین مۆڵەت بۆ پڕۆژەی وەبەهێنان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا دراوە بە وەبەرهێنەران و سەرگەرمی جێ بەجی گردنی پرۆژەكانیانن، شاری سلێمانی سنورێكی فراوانی لەگەل كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیەو دوو دەروازەی نێودەوڵەتی و چەند دەروازەیەكی تری فەرمیمان هەیە لەگەل كۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵای بازرگانی”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی، جەخت لەوەدەکاتەوە، بەهۆی سەقامگیری ئاسایش و چەسپاندنی ئارامی لەم شارەدا چەندین براندی جیهانی بریكاری بازرگانی بەرهەمەكانیان داوە بە كۆمپانیاكانی كوردستان و لەم شاری سلێمانییەوەبەرهەمەكانیان پەخش دەكەن بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق، هیواخوازین و بەرچاورونین كە پێشانگای DBX 2024 دەرفەتێكی زێرین دەڕەخسێنێت بۆ كۆمپانیاو كارگە بەشداربووەكانی، لە نزیكەوە بەرهەمەكانیان بە هاوپیشە بازرگانەكانی هەرێم بناسێنن، وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چاوەڕوانی گرێبەستی هاوبەشی بازرگانین لەنێوان كۆمپانیا بەشداربووەكان و بازرگانان و پیشەسازان و هاوردەكارنی هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی.
بەشێك لەبەشداربونی پێشانگاکە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل، ڕەوا رەسوڵ، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی شانجای لە کۆمپانیای بخیت ، ڕایگەیاند” ئەم پێشانگایە گرنکی خۆی هەیە، بۆیە بەشداریمانکردووە تا لە نزیکەوە بتوانین نوێترین جۆری ئۆتۆمبێلەکانمان و بە هاوڵاتیان پیشانبدەین و لە نزیکەوە نوێترین پێشکەوتنەکان لە ئۆتۆمبێلەکان ببینن”.
راشیگەیاند” لەم پێشانگایانەدا ئۆفەری تایبەت و داشکاندنمان دەبێت بۆ کڕیاران یان ئەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە دەیانەوێت ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێلی شانجای سینی”.
بەشێکی دیکەی پێشانگاکە بەشداریکردنی کۆمپانیا ئێڕانیەکانە کە بەنوێترین بەرهەمەکانیانەوە بەشداریانکردووە، ئەم پێشانگایەبەگرنگ دەزانن بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی کاڵاکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بەهمەن ئەرەبزیدی، بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای پیشتاندی ڕایگەیاند” ئێمە بۆ یەکەمجارە بەشدای لەم پێشانگایەدا دەکەین بەگرنگی دەزانین کە بتوانین پەیوەندی کاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا عێراق و هەرێمی کوردستان ببەستین بەتایبەت لەبواری دروستکردن و بەرهەم هێنانی کۆنکرێتی ئامادەکراو بۆ کۆگای ئاو کە ئەم بەرهەمەی ئێمە خێرایەو کاتی تەواوبونی زوترە وە دژە بومەلەرزەیە”.
پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕێکەوتی ۹/۱۸ بۆ ۹/۲۳ کارەکانی بە سەرکەوتوانە بەڕێوەبرد.