وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە کەمترین نرخی گەشتی عومرە هەزار و 200 دۆلارە؛ دەشڵێت، بەبڕیاری سعودیە رێگە نادرێت هیچ عومرەکارێک 15 رۆژ زیاتر بمێنێتەوە، یان لە مانگێکدا دووجار عومرە بکات.
رۆژی شەممە 25ـی ئاداری 2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “دوو ساڵە سعودیە سەرقاڵی رێکخستنەوەی حەج و عومرەیە؛ ئەمساڵ وەکو تاقیکردنەوە سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی داناوە و هەموو خزمەتگوزارییەکانی عومرە وەکو هۆتێل گرتن یان هەر بابەتێکی دیکە دەبێت لە رێگەی ئەو سەکۆیەوە بێت، هەر لەو رێگەیەوە دەیانەوێت رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی عومرەکردن لەم مانگەدا”.
ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کەسانەیشی ڤیزەی یەکساڵییان هەیە ناتوانن دووجار بچن بۆ عومرەکردن لەم مانگەدا، چونکە لە رێگەی سەکۆکەوە ناویان ئاشکرا دەبێت و خزمەتگوزارییان بۆ دابینناکرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ساڵی رابردوو دوای رەمەزان نرخی عومرەکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 650 دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەمساڵ عومرەکردن کە بەشێوەیەکی ئاسایی بێت لە نێوان هەزار و 200 بۆ هەزار و 400 دۆلاری تێدەچێت؛ ئەگەر عومرەکار هۆتێلی زۆر نزیکی بوێت نرخەکە زۆر زیاترە.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گەشتکردن بۆ عومرە ستوونی دەڵێت، بەهۆی رەمەزانەوە لە هەموو وڵاتانی ئیسلامییەوە خەڵک خواستی عومرەکردنیان هەیە، ئەوەش وایکردووە هۆتێل بە ئاسانی دەستنەکەوێت و نرخی بەرزببێتەوە. گوتیشی: “دوای رەمەزان و حەج کردن نرخ دادەبەزێتەوە”.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو رێکارێکی دیکە سعودییە بڕیاری داوە هیچ عومرەکارێک بۆی نەبێت لە 10 بۆ 15 رۆژ زیاتر لە وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو عومرەکار توانیویەتی مانگێک بمێنێتەوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 150 کۆمپانیای حەج و عومرە مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و کاردەکەن. لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی لە هاونیشتمانی وەردەگیرێت بۆ عومرەکردن، کۆمپانیا لەسەریەتی، ڤیزە و تیکتی چوون و هاتنەوەی فڕۆکە، شوێنی مانەوە لە هۆتێل، هاتووچۆی نێوان مەککە و مەدینە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە بۆ عومرەکار بۆ ماوەی 10 رۆژ دابین بکات.