حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، داهاتی باج لەساڵی 2016دا 179 ملیار دینار بووە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 418.8 ملیار دینار، هەروەها داهاتی گومرگ لە ساڵی 2016دا 563 ملیار دینار بوو، بەڵام ساڵی رابردوو گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن و 700 ملیار دینار. بەڕێوەبەری گشتیی گومرکیش دەڵێت: “ژمارەیەک رێوشوێن گیراونەتەبەر و هۆکاری زیادبوونی داهاتن.”
ئهمڕۆ هەینی 5ی ئابی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیهندراوێکدا لەبارەی زیادبوونی داهاتی باج و گومرکەوە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “چاکسازییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و ئێستاش داهاتی باج و گومرگ بەراورد بە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بێ ئەوەی هیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیاد کرابێت”.
بەپێی راگەیهندراوەکە، داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:
– لە ساڵی 2016دا 563 ملیار دینار بووە.
– لە ساڵی 2017دا 746 ملیار دینار بووە.
– لە ساڵی 2018دا 956 ملیار دینار بووە.
– لە ساڵی 2019دا یەک تریلیۆن و 566 ملیار دینار بووە.
– لە ساڵی 2020دا یەک تریلیۆن و 408 ملیار دینار بووە.
– لە ساڵی 2021دا یەک تریلیۆن و 691 ملیار دینار بووە.
– لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 848 ملیار دینار بووە.
بەپێی راگەیهندراوەکەی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی زیادبوونی داهاتەکانی گومرکی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندوەتەوە، کە ئەمانەن:
– ئازادکردنی کاری بازرگانی و ترانزێت.
– نەهێشتنی قۆرخکاری.
– بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان.
– کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرگ.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانەش:
– هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.
– میکانیزمی نوێ بۆ رێگریکردن لە نەدانی باج.
– دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا.
– جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.