بهڕێوهبهرایهتی گشتی باجهكان و خانوبهری میری بڕیاریدا داشكاندنی سهدا 50 بۆ ئهو پیشهوهرانه بكات كه داهاتیان سنوورداره و یهك سهرچاوهی داهاتیان ههیه.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرهی میری، لە گشتانێکدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەت ئاراستە کردووە، دهڵێت، “پاڵپشت بە بڕیاری (ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان)، ژمارە (245) لە 27ی ئازاری 2024و، رێنمایی دارایی ژمارە (2) لە ساڵی (2024)، بە مەبەستی هاوکاریی ئەو پیشەوەرانەی خاوەن یەک سەرچاوەی داهاتی سنووردارن، دوای دیراسەتکردنی بارودۆخی دارایی پیشەوەران بۆمان دەرکەوت، کە ئەو لیستەی هاوپێچی نووسراومانە، هەروەها لەگەڵ هاوشێوەکانیان لەم جۆرە پیشەوەرانەن. بۆیە کاری پێویست ئەنجامبدرێت بە داشکاندنی خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەیان بە رێژەی سەدا 50 بە ئامانجی کەمکردنەوەی باری قورسی داراییان”.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەكەبووی کارەبا بە رێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).
داشکاندنی 50% لە رسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.