وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەم كابینەیەی حكومەت كار لەسەر زیادكردنی رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا كراوە بەتایبەت بەو شێوازانەی كە دۆستی ژینگەن.
كەمال محەمەد وەزیری كارەبا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وزە نوێ و خاوێنەكان بۆبەرهەمهێنانی كارەبا وتی، لە كابینەكانی پێشتر كە 6 هەزار و 700 مێگاوات كارەبا هەبوو، تەنها دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن هەبوون، بەڵام لە كابیینەی نۆیەمدا كە گرێبەست كراوە بۆ بەهەمێنانی 2 هەزار و 400 مێگاوات كارەبا كە هەموویان بە وزەی خاوێنن، كە ئەویش 97%ی پرۆژەكانە و لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ بەرهەمهێنانی 350 مێگاوات كارەبا بە وزەی با لە ناحیەی سەرسەنگ گرێبەست كراوە.
لەبارەی نرخی كارەبا و پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان، وەزیری كارەبا باسی لەوەكرد، ئێستا بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما خواست لەسەر وزەی كارەبا زیادی كردووە و بەو هۆیەشەوە ئاستی پێدانی بڕی كارەبا كەمی كردووە، بەڵام هەندێك وێستگەش بەهۆی نەبوونی گاز و سوتەمەنی كارناكەن یان چەند یەكەیەكیان وەستێنراوە.
لەبارەی ئەو كێشانەی هاوڵاتیان باسی دەكەن تایبەت بە پێوەری زیرەك و نرخی كارەبا ئاماژەی بەوەكرد، یەك ملیۆن و 750 هەزار هاوبەشی كارەبا بوونی هەیە، بۆیە هەبوونی گرفت لە كەرتی كارەبادا چاوەڕوانكراوە.