حكومەتی هەرێم پارەی گواستنەوەی نەوتی لەسەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی كوردستان زیادكردووە، مانگانە كرێی گواستنەوەی نەوت لە بۆرییەكانەوە چەندین ملیۆن دۆلار لەسەر كۆمپانیاكان دەكەوێت و دەچێتە خەزێنەی حكومەتەوە.
ماڵپەڕی Iraq Oil Report، كە میدیایەكی تایبەتمەندە بە وزە و پرسە ستراتیژییەكانی دیكە، هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئاگاداركردووەتەوە، بۆ لەمەودوا پارەی باجی گواستنەوەی نەوت بە بۆرییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، كە لە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی وەردەگرێت، زیاتردەكات.
بەپێی هەواڵەكەی Iraq Oil Report ڕۆژی 10ی ئەم مانگە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان نووسراوی ئاراستەی كۆمپانیاكان كردووە و لە بەرزكردنەوەی بڕی باجەكە ئاگاداریكردوونەتەوە.
بەرزكردنەوەی باجەكە مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێك لەسەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت دەكەوێت و دەچێتە خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
Iraq Oil Report هەنگاوەكەی خستووەتە چێوەی “ئەو گۆڕانكارییانەی لە سیاسەتی نەوت و وزەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە”، واش هەنگاوەكانی وەسفكردووە كە “بای پێچەوانەن بۆ وەبەرهێنەرانی وزە و نەوت لە هەرێمی كوردستان”.