جەنگی ئۆکرانیا دلەڕاوکێی خستوەتە بازاڕی دراوە ئەلکترۆنییەکانەوە

ئا: رێژەن سەردار

هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کاریگەریی لەسەر زۆربەی بازاڕەکانی جیهان هەبوە، هەر لەنەوت‌و زێڕەوە بگرە تا دەگات بەنرخی گەنم‌و دراوە ئەلکترۆنیەکان، بازرگان‌و شارەزایەکی بواری دراوە ئەلکترۆنیەکان دەڵێت “سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر بازاڕی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان، به‌ڵام به‌رده‌وام بوونی جه‌نگه‌كه‌ ده‌بێته‌ سودو قازانج بۆ ئەمجۆرە دراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ چاودێریه‌كی له‌سه‌ر نیه‌و كه‌س تیایدا ڕوبه‌ڕوی یاسا ناكرێته‌وه‌”.

سەنگەر فایەق، شارەزاو بازرگانی دراوە ئەلکترۆنییەکان بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاو ڕوداوەکانی جیھان کاریگەریی لەسەر دراوە ئەلکترۆنییەکان ھەبووە، بەڵام لێکەوتەکانی هێشتا بەرجەستەو دیار نییە، ئەو وتی “دراوە ئەلکترۆنییەکان لەساڵی ٢٠٠٩دا کە قەیرانی ئابوری لەئەمریکا سەریھەڵدا دروست بوو، لەو کاتەوە تاکو ئێستا ئەزمونێکی هاوشێوەی جەنگی ئەمەی ئۆکرانیا روینەداوە، تاكو بزانین كاریگه‌ری له‌سه‌ر دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان ده‌بێت یاخود نا، دوای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌كان توندبونه‌وه‌و بواری ئابوری تێكه‌وت، یه‌كێتی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ڕوسیا له‌ پرۆژه‌ی سۆفت ده‌ركه‌ن، كه‌ سیسته‌می بانكه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، کەواتە ئەلتەرناتیڤی روسیا بیتكۆین‌و دراوه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌بینین لێدوانی وڵاته‌ زلهێزه‌كان جەغت له‌و خاڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێوسته‌ له‌چوارچێوه‌ی سزا ئابورییه‌كانی سه‌ر روسیا بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌و سزایانه‌ دراوه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانیش بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوایان له‌و بازاڕانه‌ كرد كه‌ مامه‌ڵه‌ی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانی تێدا ده‌كرێت، كه‌ ئه‌كاونته‌كانی ناو خاكی ڕوسیا بلۆك بكه‌ن، به‌ڵام تاكو ئێستا پابه‌ندی ئه‌و داوایانه‌ نه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕانه‌ هی كه‌رتی تایبه‌تن‌و په‌یوه‌ندییان به‌حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ كێشه‌ی دروستكردوه‌و دوودڵی لای به‌كارهێنه‌رانی بیتكۆین دروستكردوه‌، بۆیە ڕۆژانه‌ ن‌رخه‌كان ناجێگیرن‌و ئاڵوگۆری تێدایه‌، ئه‌مه‌ بۆته ‌هۆی ئه‌وه‌ی چاره‌نوسی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانیش په‌یوەست بێت به‌ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌وه‌”.

وتیشی “سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر بازاڕی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان به‌ڵام به‌رده‌وام بوونی جه‌نگه‌كه‌ ده‌بێته‌ سودو قازانج بۆ بازاڕی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌چه‌ك‌و كۆمه‌ڵێك شتی نایاسایی دێته‌ كایه‌وه‌و باشترین ڕێگه‌ی پاره‌دانیش دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانه‌ چونكه‌ هیچ چاودێریه‌كی له‌سه‌ر نیه‌، كه‌س تیایدا روبه‌ڕوی یاسا ناكرێته‌وه‌”.

سەنگەر پێشبینی ئەوەش دەکات له‌مه‌ودوا روسیا له‌ڕێگه‌ی بیتكۆینه‌وه‌ نه‌وت‌و گاز به‌چین‌و وڵاتان بفرۆشێت، بۆیه‌ به‌رده‌وام بوونی جه‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانه‌و نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌كاته‌وه، ئەو وتی “له‌ئێستادا نرخی بیتكۆین له‌نێوان ٤١ بۆ ٤٥ هه‌زار دۆلار یاری ده‌كات، ئاڕاسته‌ی به‌رزبونه‌وه‌ یان دابه‌زینی وه‌رنه‌گرتووه‌، پێش جه‌نگه‌كه‌ بیتكۆین ئاراسته‌ی دابه‌زینی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام ئێستا ئەم جەنگە ئاراسته‌ی دابه‌زینی ڕاگرتووه‌، له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی شه‌ڕو سه‌پاندنی سزاكان بتتكۆین زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ روسیا بۆ سوك كردن‌و شكاندنی گه‌مارۆو سزاكان سوود له‌بیتكۆین وه‌رده‌گرێت”.

وتیشی “ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران سوودێكی زۆری له‌بازاڕی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان وه‌رگرتووه‌، كاتێك سوتەمه‌نی به‌وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین‌و باشوور فرۆشت پاره‌دانه‌كه‌ی به‌بیتكۆین بوو، بۆیه‌ ئێستا له‌ئێران خه‌ڵكێكی زۆر مامەڵه‌ به‌بیتكۆینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌وێ بیتكۆینی حكومی هه‌یه‌، بۆ شكاندنی سزاكان به‌كاردێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می سۆفته‌وه‌ ناتوانرێت پاره‌ی نه‌وت بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئێران، بازاڕی دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان هیچ كۆنترۆڵێكی له‌سه‌ر نیه‌و وڵاتان ناتوانن كۆنترۆڵی له‌سه‌ر دانێن”.

سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵە کردنیش بەم جۆرە دراوانە. سەنگەر ئەوە روندەکاتەوە کە له‌ هه‌رێمی كوردستان دوو جۆر به‌كارهێنه‌ری دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان هه‌یه‌، كه‌سانێك هه‌ن كاتێك بیتكۆینیان كڕیوه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌ ئێستا له‌زیاندان‌و لەدڵەڕاوکێدان بەرامبەر بەبازاڕه‌كه‌، كه‌سانێكی دیكه‌ش هه‌ن کە خاوەن پارەو بازرگانانن، به‌شێكی زۆری سه‌رمایه‌كانیان خستۆته‌ ئه‌م بازاڕه‌وه‌و ئاگادارن یاخود پێشبینی دەکەن نرخی دراوه‌ دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان ڕوو له‌به‌رزبونه‌وه‌ ده‌كات‌و ده‌یانه‌وێت ئه‌و ده‌رفته‌ بقۆزنه‌وه‌و قازانج بكه‌ن، ئەو وتی “ئه‌وه‌ندەه‌ی من ئاگادارم، به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان ئەم باردۆخه‌ن بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە هاتوەتە کایەوە به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن تاكو قازانج بكه‌ن”.

وتیشی “له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی قه‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌دراوه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان ئاماری فه‌رمی له‌به‌رده‌ست نیه‌ به‌ڵام به‌‌مه‌زنده‌ی من ئه‌وه‌نده‌ی به‌دواداچونم بۆ كرد بێت رۆژانه‌ به‌ به‌های ٤ ملیۆن دۆلار مامه‌ڵه‌ بەدراوە ئەلکترۆنیەکانەوە ‌ده‌كرێت”.