د.جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له خولی ڕابردوی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ تاوه‌كو دو بۆ سێ مانگی داهاتو ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌باره‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقیش ده‌ڵێت، “ئه‌ندامانی ره‌وتی سه‌در ده‌توانن به‌های 100 دۆلار بگه‌ڕێننه‌وه بۆ 120 هه‌زار دینار، به‌ڵام نایكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه زیاد ده‌كات”.
د.جه‌مال كۆچه‌ر له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، بۆ ئه‌م مانگه 200 ملیاره‌كه ره‌وانه ده‌كرێت و هیچ گرفتێك نیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه دو بۆ سێ مانگی داهاتو تا پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقه كه پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق بێته په‌رله‌مان و په‌سه‌ند بكرێت، لێره‌دا دو بۆچون هه‌یه، بۆچونێك هه‌یه كه ده‌ڵێت ئه‌م ڕێككه‌وتنه بۆ ساڵێك بوه له كۆتایی ئه‌مساڵ كۆتایی پێدێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێم ئه‌مه قبوڵ نه‌كات و ده‌نگی ئه‌وه به‌رزبێته‌وه ناردنی ئه‌و دو سه‌د ملیاره به‌رده‌وام بێت تا پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت، چونكه ئه‌مه بۆ ته‌واو كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق نیه له 2014 و له 2020 عێراق یاسای بودجه‌ی نه‌بو به‌ڵام موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق هه‌ر به‌رده‌وام بو”.
وتیشی، “ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به‌غدا ده‌ینێرێت هاوكارییه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌وه نیه هه‌رێم ئیلتیزام ده‌كات یاخود نا، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه په‌یوه‌ندی به به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌وه هه‌بوایه ئه‌وه ده‌بو بڕه پاره‌یه‌كی تر بوایه دو سه‌د ملیار نه‌ده‌بو، له بودجه‌دا باسی یانزه ترلیۆن دینار بو، به‌ڵام كه هه‌رێم پابه‌ند نه‌بو ڕێككه‌وتنێكی دیكه كراوه”.
د.جه‌مال كۆچه‌ر جه‌ختیكرده‌وه، “به‌غدا ده‌بێت ئه‌و بڕه پاره‌یه بنێرێت مانگانه، ئه‌گه‌ر نه‌یاننارد، ده‌بێت وه‌فدێكی هه‌رێم بچێته به‌غدا پێیان بڵێ ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ هاوكاری فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانه، خۆ ئه‌گه‌ر باسی ڕێككه‌وتنێكی سیاسیه ئه‌وا ئێمه نه‌مانبینیوه و كه‌س نازانێت ئه‌م ڕێككه‌وتنه بۆ ساڵێكه یاخود تا هاتنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی داهاتوی عێراقه”.
سه‌باره‌ت به پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2022، د. جه‌مال كۆچه‌ر وتی، “ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین له نێوان 2020 و 2021 من له‌و بڕوایه‌دام ساڵی داهاتو 2022 دۆخی ئابوری زۆر باشتر ده‌بێت چونكه ئێستا نرخی نه‌وت به‌رزتر بۆته‌وه، وه ئێستا جموجۆڵی ئابوری و وه‌به‌رهێنان هه‌یه، جگه له‌وی هۆشیارییه‌كی شه‌قام هه‌یه كه بۆته فشار له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسیه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، ئه‌مانه هه‌موی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخی ئابوری”.
سه‌باره‌ت به‌دابه‌زاندنی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی، ئاشكرایكرد، “ئه‌ندامانی ره‌وتی سه‌در ده‌توانن به‌های 100 دۆلاری ئه‌مریكی دابه‌زێنن بۆ 120 هه‌زار دینار، به‌ڵام ئه‌و كاره ناكه‌ن، چونكه چه‌ند خاڵێك هه‌یه كه ڕێگه نادرێت نرخی دۆلار بگه‌ڕێته‌وه پێشتر، له‌سه‌رو هه‌مویان نرخی نه‌وته، ئه‌گه‌ر سه‌درییه‌كان حكومه‌ت پێكبهێنن و بیانه‌وێت نرخی دۆلار بگه‌ڕێننه‌وه بۆ پێشوتر، ئه‌وا كورتهێنانی حكومه‌ته‌كه‌یان زیاتر ده‌بێت و نزیك ده‌بێـ 23 ترلیۆن دینار قه‌رز بكه‌ن كه ئه‌مه له كوێ ده‌هێنن؟”.