تواناى ژن وه‌ك فاكته‌رى پێشخستنى ژێرخانى ئابوورى

یریڤان شاسوار / ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى

چۆن توانا و لێهاتویی ژنان وه‌ك هه‌وێنى پێشكه‌وتن له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانى ژێرخانى ئابورى وڵاتدا به‌كاربهێنین؟ به‌ دورخستنه‌وه‌ى ژن له‌ شه‌رى ئایدۆلۆژى و سیاسى و تیۆره‌ ناباوه‌كان وه‌ به‌كار هێنانى دڵسۆزى وه‌ باشى جۆریه‌تى كاریان له‌ خزمه‌ت به‌ خودى خۆیى و خێزان و نه‌ته‌وه‌دا به‌كار بهێنرێت. ئه‌گه‌ر ته‌نها چاوپیاخشانێك به‌ وڵاتانى چوارده‌ورى خۆماندا بكه‌ین نه‌ك وڵاته‌ پێشكه‌توه‌كان و ئه‌وانه‌ى دواى سه‌دان ساڵ كۆششى بازوو بیرى ژنان ئێستا ژن تێیدا سه‌ركرده‌ و كاربه‌ده‌ستن, ئه‌وا هێزى هاوكارى وباوه‌ڕیان ئه‌بینین كه‌ چۆن پایه‌یه‌كى بنیاد نان و پێشكه‌وتنى گرنگن وه‌ ڕۆڵى ڕاستى له‌ به‌ڕێوه‌بردندا ئه‌بینن.

له‌ ڕوى دڵسۆزى وتوانى به‌ده‌نى و ژیریه‌وه‌ ژنانى ئێمه‌ش هیچیان له‌ ژنانى وڵاتانى تر كه‌متر نى یه‌ وه‌ بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ هۆى ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوانه‌ى ڕوبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه‌ ئارامتر و به‌تواناترن به‌ڵام ئه‌و بۆشایى یه‌ى لێره‌دا به‌دیده‌كرێت كارنه‌كردنى ڕێكخراوه‌كان و میدیایه‌ بۆ ناساندنى ژنانى پێشه‌نگى ڕاسته‌قینه‌ , ئه‌و ژنانه‌ى دورن له‌ ژاوه‌ژاوى میدیا و سۆشیال میدیا به‌ مه‌به‌ستى وروژاندن و سه‌رنج ڕاكێشان بۆ پرسێك كه‌ پرسى لاوه‌كى دۆزه‌كه‌یه‌.

به‌چاوخشاندن به‌ كارى ڕێكخراوه‌یى و پاراستنى پرسه‌كانى ژنان وه‌ك هه‌بوون له‌ ڕابردودا ناتوانرێت بوترێت له‌ ئاستى پێویستدا بوون , ئه‌مه‌ش بوارى بۆ زۆر ڕه‌خنه‌ و گفتوگۆى توند كردوه‌ته‌وه‌ ,بۆ ئه‌وه‌ى بوارى خزمه‌ت و داكۆكیكرن فراوانتر بكرێت پێویسته‌ هه‌موو سه‌رنج و كۆششى ڕێكخراوه‌كان له‌ پێناو بره‌ودان به‌ تواناكانى ژندا بێت له‌ بوارى كار و به‌ڕێوه‌بردنى كار وه‌ دروستكردنى ژنى سه‌ركرده‌ له‌ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنى كۆمه‌ڵگه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا.

كاركردن بۆ گڵاڵه‌كردن و ده‌رچواندنى یاسایه‌ك كه‌ نزمترین ڕێژه‌ى كرێى ژنانى كاركه‌رى تێدا دیاریكرابێت به‌تایبه‌ت له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا وه‌ چاودێرى به‌رده‌وامى ماف و سه‌لامه‌تى ژنان له‌ شوێنى كاردا بۆئه‌وه‌ى بتوانن دور له‌ دڵه‌ڕاوكێ و هه‌راسانكردنى ده‌رونى و جه‌سته‌یى به‌ هێز و توانا و ژیرى خۆیان ئیسپاتى بونى خۆیان وه‌ك كۆڵه‌كه‌ى بنیادنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دور له‌ توندوتیژى بكه‌ن.

كاربكرێت بۆ دورخستنه‌وه‌ى ژنان له‌ شوێنه‌ نه‌شیاو نا سه‌لامه‌ته‌كان وه‌ك یانه‌كانى شه‌وان و مه‌یى و شه‌رابخانه‌كان وه‌ هاندانیان بۆ ڕوكردنه‌ كارگه‌ ناوخۆیى یه‌كان وه‌ك گارگه‌كانى دروستكردنى به‌رهه‌مه‌ خۆراكیى یه‌كان وه‌ ئه‌و شوێن و كارگانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیى یه‌كان كارده‌كه‌ن وه‌ كارگه‌ و شوێنه‌ بچوكه‌كانى تر كه‌ بنه‌ما كه‌لتورى و خێزانى یه‌كان له‌ به‌رچاو ده‌گرێت ,كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ كاریگه‌رى باش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و پێگه‌ى ژن داده‌نێت وه‌ له‌لایه‌كى تره‌وه‌ كارێكى چێژبه‌خش و ته‌ندروسته‌.

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانى بازاڕكانى هه‌رێمدا بگێڕین به‌شى هه‌ره‌ زۆرى به‌رهه‌مى توركی و ئیرانین ئه‌گه‌ر ورد له‌ داتاو سیاسه‌تى كۆمپانیاكانیان بڕوانین ئه‌بینین به‌شى زۆرى كارمه‌نده‌كانیان ژنن ئه‌م وێنانه‌ى خواره‌وه‌ نمونه‌ى ئه‌و كارگه‌ و كێڵگانه‌ن كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ى كارمه‌نده‌كانیان ژنن وه‌ پێگه‌ى له‌ پێشیان له‌ به‌رهه‌م هێنان و به‌ڕێوه‌بردندا گرتوه‌. له‌ گه‌شتێكدا زۆر كارمه‌ندى ژنمان دواند له‌ كرێكارێكى ئاسایى یه‌وه‌ تا به‌رێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیار ئه‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌ت كه‌ ئه‌وان ڕازیبوون و خۆشه‌ویستى یه‌كى تایبه‌تیان بۆ كاره‌كانیان هه‌بوو كه‌ جێگه‌ى سه‌رنج بوو ئه‌وان زۆر به‌وردى كاریان له‌ سه‌ر جۆریه‌تى به‌رهه‌م ده‌كرد نه‌ك ته‌نها بڕو ژماره‌ و به‌ڕێكردنى كاته‌كانى كار. به‌دڵنیایى یه‌وه‌ له‌و ژنانه‌ و به‌توانا تریش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا بوونیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لیان بۆ بڕخسێندرێت و هانبدرین بۆ ئه‌وه‌ى بره‌و به‌ تواناكانى خۆیان بده‌ن .