بە وێنە.. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار لە سلێمانی دەستیپێكرد

چوارەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار لە سلێمانی دەستیپێكرد، نزیکەی 200 کۆمپانیا و کارگەی ناوخۆیی و دەرەکی لەم خوولەی فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن.

به‌ ئاماده‌بونی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشه‌ ناسح، قایماقمی هه‌ڵه‌بجه‌ و نه‌وزاد غه‌فوور، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، ئازاد هه‌مه‌وه‌ندی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و مه‌هدی شوشته‌ری، كونسوڵی ئێران له‌ سڵێمانی چوارەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار كرایه‌وه‌.

نه‌وزاد غه‌فوور، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند ”به‌ ناوی ژووری بازرگانی سلێمانیه‌وه‌ به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوان ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی له‌ شاری سلێمانی ده‌كه‌ین كه‌ له‌م كاته‌ ناهه‌مواره‌دا چوارەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار به‌رێوه‌ده‌چێت، ئه‌م پێشانگایه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦وه‌ له‌لایه‌ن ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیه‌وه‌ وه‌كو یه‌كه‌م پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌ خاوه‌نداریه‌تیه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ژوور”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه‌ له‌ساڵانی رابردوودا هه‌ستمان به‌وه‌ كرد، كه‌ پێوسته پرۆژه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ هه‌ڵگرتن و گۆگاكردنی كاڵاو شتومه‌كان كه‌ به‌شی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كاڵای تێدا هه‌ڵبگرێت بۆ كاتی ڕودانی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان، بۆیه‌ داوای ٣٠٠ دۆنم زه‌ویمان كرد له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، توانیمان ٧٠٠ گه‌نجینه‌ی له‌سه‌ر دروست بكه‌ین كه سه‌رجه‌م جۆره‌كانی كاڵاو شتومه‌كی تێدا هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه‌ لێره‌وه‌ دڵنیای ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ كاڵا و شتومه‌كی پێوست خه‌زن كراوه‌ كه‌ به‌شی زیاتر له‌ شه‌ش مانگ كاڵا له‌ كۆگاكانماندایه‌ و به‌رده‌وامیش بازرگانان سه‌رچاوه‌ی نوێ ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ هاورده‌كردنی كاڵا و شتومه‌ك، زۆر سپاسی بازرگانان ده‌كه‌ین كه‌ شوێن ده‌ستیان دیاره‌”

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهاری ئەمساڵ لە سلێمانی زیاتر گرنگی بە بەرهەمە خۆماڵییەكان داوە، لەم خوولەدا 65%ی بەشداربووان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوەن و 35%یان لە وڵاتانی ئێران، سوریا، تورکیا و ئەڵمانیاوە هاتوون بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵەكەدا.

فێستیڤاڵەكە لە بینای پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت و ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێشوازی لە میوانان و سەردانیكەرانی دەكات.