بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داهاتی دەروازە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە لەنێوان 110-130 ملیار دینارە و بەپێی یاسای بودجەش، نیوەی ئەو داهاتە دەدرێتە حکومەتی ناوەندی.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، لە مانگی (کانونی دوەم/1)ی 2023 وە دەبێت لە 50% داهاتی خاڵە گومرگیەکانی هەرێم بدرێن بە حکومەتی ناوەند، واتە نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕاستەوخۆ دەدرێن بە ناوەند.
وتیشی، “بۆ هەمو ئەو داهاتانە بودجەی مراجعەیان هەیە، بەپێی ئەو بودجەیە هەمو داهاتەکانی تێدا تۆمار کراون، ئەوان لای خۆیان تۆماری دەکەن کە بودجەی مانگانە دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان 50% ی ئەو داهاتەی لێ دەردەکەن، ئەمە بە شێوەی (مقایضە)یە بۆ نمونە ئەو بودجەیەی کە دەینێرن ئەگەر 100 ملیار دینار بێت ئەوان دەچن 900 ملیار دینار دەنێرن”.
ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەوەشیخستەڕو، داهاتی خاڵە گومرگییەکان (دەروازەکانی هەرێم) مانگانە لە نێوان 110 – 130 ملیار دینارە، لەبەرامبەر رادەستکردنی ئەو داهاتانە، ئێمەش داهاتمان بۆ دێت، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بۆ هەمو عێراقە و تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە، هەر هاوڵاتیەکی عێراقی قازانج دەکات، چونکە بەشێک لەو داهاتەی ئێمەش بەشدار دەبێت لە دروستبونی ئەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە.
سەبارەت بەهۆکاری هەوڵی حکومەتی ناوەند بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، “حکومەتی ناوەند پشتی بە یاسای دەروازە سنورییەکان بەستوە و بەوە دەیەوێت کاربکات بۆئەوەی هەمو دەروازە سنورییەکان بخرێنە سەر ناوەند، بەڵام ئێمە تێبینی و سەرنجمان هەیە لەسەر ئەو یاسایە، بۆیە هەتا ئێستا بەبێ چارەسەری ماوەتەوە”.
سەبارەت بەوەی ئایا هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت، ئایا ئەگەری هەیە هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت ڕۆژێک عێراق دەستبگرێت بەسەر خاڵە گومرگی و سنورییەکانی هەرێم؟، ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لەوەکردوە، “من بە دوری دەزانم، چونکە ڕێککەوتنەکان جارێکی تر ئاسۆیەکی کردەوە لە بەردەم هەرێم و ناوەنددا کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە بە دوری دەزانم بەو شێوازە بێت، بەڵام ڕێککەوتن دیارە دەکرێت لەوانەیە وا بخوازێت کە ئێمە بە هاوبەشی سیاسەتی گومرگی و دەروازەکان بەڕێوە ببەین، ئایندە ئەوە ڕون دەکاتەوە”.
بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە بەرەبەیانی دوێنێ دوشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکرا، نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان و گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بدرێت بە حکومەتی ناوەندی عێراق.