ئا: زریان محەمەد
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “کاری زۆر باشکراوە بۆ وەبەرهێنان لەشاری سلێمانیو هەوڵەکان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرمایەدارانو وەبەرهێنەرانە، تا کۆتایی ساڵ ئەنجامی زۆر باشمان دەبێت”.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند “لەئێستادا ئێمە هەوڵێکی زۆر باشمان داوە بۆ پڕۆژەکانی ئەمساڵدا مۆڵەتی زۆر باش دراوە بەپشتیوانیو هەماهەنگی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی باشی لەنێوان هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان دروستکردووە، کارەکان دەبێت ببێتە جێگەی ڕەزامەندی هەموو وەبەرهێنەرانو سەرمایەداران تا ئاشت ببنەوە لەگەڵ شاری سلێمانیو هەرێمی کوردستانو تا سەرەتای ساڵ ئەنجامی زۆر باشمان دەبێت کە کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر باش لەسەرجەم بوارەکاندا دەکەێتە کار”.
لەبارەی دروستکردنی ۲٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبون بۆ کرێنشینان، ئەو وتی “ئەو یەکانە ئێمە کاری باشمان بۆکردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی داتای باشمان وەرگرتووە کە بۆ شاری سلێمانی لەو ۲٠ هەزارە ۸ هەزارو ٦٠٠ یەکەیان بۆ شاری سلێمانیو پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕینو ئیدارەی گەرمیان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشمان کردووەو بەفەرمی ناردومانە بۆ پارێزگای سلێمانیو نوسراومان ناردووە بۆ شارەوانی سلێمانی تا زەوی دابین بکاتو کاری باشمان کردووە بۆ دیاریکردنی پێوەری چۆنیەتی دابەشکردنی یەکەکان بەسەر خەڵکدا لەڕێگەی ئەو فۆرمەی بەئەلکترۆنی پڕ کراوەتەوە لەلایەن کرێنشینانەوە کە بۆ ناو شاری سلێمانی پێنج هەزارو ۲٠٠ یەکە بۆ پارێزگای سلێمانیەو نزیکەی ۱٥٠٠ یەکە بۆ ئیدارەی ڕاپەڕینو گەرمیان دەبێتو نزیکەی هەزار یەکە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت، بۆیە هیوادارم تا پێش سەری ساڵ بگەینە ئەنجام”.
وتیشی “پڕۆژەکان بەتایبەت یەکەی نیشتەجێبونەکان لەپارێزگای سلێمانی کوالێتیان بە بەراورد بەشارەکانی دیكه لەئاستێکی بەرزتردانو گرنگی زیاتریان پێدراوە، ئهو كوالێتیهی یهكهكانی پێدروستكراون لههیچ شارێكی دیكه بهوجۆره نهبوه”.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا ٥٥ پڕۆژە لەئێستادا کارەکانیان بۆ ڕایی کراوە کە ۲٠ پڕۆژەیان سایدپلانەکانیان ئامادە کراوە، ئەوانەی دیکەش کە هەر کێشەیەکی زەویان هەبووە ڕێگرییان هەبووە بەپێی یاسای وەبەرهێنان هەر زەوییەک بۆ ئەو پڕۆژانە کە دیاری دەکرێت دەبێت زەوییەکە کێشەی نەبێت.
دەربارەی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی لەشاری سلێمانی مۆڵەت پێدراون لەوەبەرھێنانی سلێمانی، وتی “ئەو پڕۆژانەی لەشاری سلێمانی مۆڵەت پێدراون 361 پڕۆژەیە بەشێوەیەک ۱۲٠ پڕۆژەیان بازرگانییەو ۹۷ پڕۆژە پیشەسازییەو ٥۸ پڕۆژە نیشتەجێبونەو ۳٠ پڕۆژە گەشتیارییەو ٥ پڕۆژە کشتوکاڵییەو ئەوەی دەمێنێتەوە لەسێکتەرەکانی تردایە”.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی جەغتی لەوە کردەوە کە بەهەوڵی جێگری سەرۆکی حکومەت لەشاری سلێمانی هەموو ئەو ڕێگرییو بەربەستانە لابراون کە ببونە هۆی خاوبونەوە لەپڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەسنوری پارێزگای سلێمانی، ئەو وتی “لەدوای کۆبونەوەیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان رێنمایی نوێیان پێدراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیانو لەئەمساڵدا هیچ پڕۆژەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی نەوەستاوەو سەرجەم پڕۆژەکان کارکردن تێیاندا بەردەوام بوەو لەئێستادا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری شاری سلێمانی بەهەماهەنگییەکی تەواو کاردەکەن، بۆ ئەوەی رۆتینات بۆ وەبەرهێنەران کەمبکەنەوەو لەزووترین کاتدا پرۆژەکانیان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.
وتیشی “لەنێوان ئەو ٥٥ پڕۆژەیەی کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەکۆبونەوەی چەند رۆژی رابردودا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوری شاری سلێمانی فەرمانی بەجێبەجێکردنیدا، ١٦ دانەیان پڕۆژەی نیشتەجێبونەو لەئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکانی دیکەش سێکتەرەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری، پەروەردەییو تەندروستی دەگرێتەوە”.