بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم: پێشنیازمان كردووە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانوو بكرێتە دینار

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، “نووسراومان بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردووە و پێشنیازمان كردووە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانوو لە هەرێمی كوردستان لە بری دۆلار بكرێتە دینار و دەشڵێت، “ئەگەر لە عێراق جێبەجێبكرێت وەزارەتەكانی ناوخۆ و دارایی هەرێم بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدەن و ئەولەویەت بۆ بڕیار و رێنماییەكانی هەرێمە”.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ وەرگرتنی بەڵێننامە لە خاوەن كۆمپانیا كارەباییەكان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی لە مامەڵەكانیاندا دراوی دینار لە بری دۆلار بەكاربهێنن و بەپێچەوانەوە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم راگەیاند، “ئێمە وەكو پێشنیاز و لەپێناو دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نووسراومان بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووە كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە بری دۆلار بە دینار بێت.

ئاشكراشیكرد، “مەرج نییە هەموو بڕیارێكی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت و دواجار وەزارەتەكانی ناوخۆ و دارایی بڕیاری كۆتایی دەدەن و ئەولەویەت بۆ بڕیار و رێنمایی وەزارەت و دامەزراوەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە”.