دوای ئەوەی رووسیا هەڵپەساردنی رێککەوتنی دەریای رەشی بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە راگەیاند، بۆرسەی بازرگانیی شیکاگۆ، نرخی گرێبەستەکانی مامەڵەی گەنمی بەڕێژەی زیاتر لە لەسەدا پێنج بەرزکردەوە و گەیاندیە ٨،٧ دۆلار.
بە کشانەوەی رووسیا لە دەستپێشخەری گواستنەوەی دانەوێڵەی دەریای رەش، نیگەرانییە جیهانییەکان لەبارەی دابینکردنی دانەوێڵە زیادی کرد و مامەڵەی گەنم لە بۆرسەی بازرگانیی شیکاگۆ سەدا ٥،٤ زیادی کرد و بەرزبووەوە بۆ ٨،٧ دۆلار.
نرخی گەنم کاتەکانی بەیانی بەرزبووەوە بۆ ٨،٩ دۆلار کە ئەوەیش بەرزترین ئاستە لە ١٤ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، پاشان لە کاتژمێر ٠٩:٢٥ەوە لە ٨،٧ دۆلاردا راوەستاوە.
نرخی گەنمەشامی بۆ هەر بوشڵێک سەدا ٢،٢ زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ٦،٩٦ دۆلار.
دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا، بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە کێشەی دابینکردنی دانەوێڵە سەری هەڵدا، نرخی گەنم بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا و گەیشتە ١٣،٦ دۆلار.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند کە ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە جەنگی و مەدەنییەکانی رووسیا لە شاری سیڤاستۆپۆل لە کریمیا کە لکاندراوە بە خاکی وڵاتەکەیەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو هێرشانەدا، ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکارهاتوون و هەمووشیان لەناوبراون، ئەوەیش خراوەتەڕوو کەشتییەکانی هێزی دەریایی لە دەریای رەش کە رووبەڕووی هێرشەکە بوونەتەوە لە چوارچێوەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو رێڕەوەی لە بازنەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە دروستبووە کاریان کردووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو: ”کیێڤ ئەمڕۆ بە بەشداری پسپۆڕانی بەریتانیا پەلاماری تیرۆریستیی کردووەتە سەر کەشتیگەلی دەریای رەش و کەشتییە مەدەنییەکان کە بەشدارن لە دەستەبەری ئاسایشی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە، لەبەرئەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پەلامارە تیرۆریستییە، لایەنی رووسی بەشداری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی پەیوەست بە گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە هەڵدەپەسێرێت”.
بە دەستپێشخەری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، رۆژی ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە شاری ئیستانبوڵ، بەڵگەنامەی دەستپێشخەری گواستنەوەی ئاسایشپارێزراوی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لەنێوان ئۆکراینا، رووسیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژووکرا.