ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی قوربانیانی لافاوەكەی شاری هەولێر و شەهیدانی دەستی تیرۆرستانی داعش، بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینیەوە لە سلێمانی هیچ بۆنەیەك ئەنجام نادرێت.
ئاوات محەمەد لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە شاری سلێمانی هیچ بۆنە و ئاهەنگیك ئەنجام نادرێت بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینیەوە، ئەوەش بەهۆی قوربانیانی لافاوەكەی شاری هەولێر و شەهید بوونی پێشمەرگە و هاوڵاتیان لە هێرشەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش.
باسی لەوەشكردوە، لەسەری ساڵدا میوانێكی زۆر روو لەشاری سلێمانی دەكات، خەڵكی شارەكەش وەك نەریتێكی ساڵانە لە شەقامی سالم و گەڕەكی سەرچنار و هەواری شار و كافێ و رێستۆرانتەكان كۆدەبنەوە، بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی لە شارەكە تیمەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
قائیمقامی سلێمانی وتوشیەتی، ئەو روداوانەی رویاندا نیگەرانی كردون و پرسەی خۆیان رادەگەیەنن بۆ كەسوكاری قوربانییەكان لە شاری هەولێر.
پێشتریش ئومێد خۆشناو پاریزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی قوربانیانی لافاوەكەی شاری هەولێر و هێرشەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش هیچ ئاهەنگێك لەو پاریزگایە ئەنجام نادرێت.