شەن جەزا کەریم
لەدەستپێکدا پێویستە پێناسەیەکی (بەهای دەفتەری) بکەین، بەهای دەفتەری: ئەونرخەیە کە بۆ سامانو بالانسی سەرمایە لەدەفتەری ژمێریاریدا تۆمار ئەکرێت، هەروەها لەکاتی هاوپشکیدا (المساهمة) کۆی سەرمایەکە دابەش ئەکرێت بەسەر کۆی پشکەکاندا، ژمارەیەکمان دەستئەکەوێت، کە ئەبێتە بەهای دەفتەری هەر پشکێک.
بەهای دەفتەری سەرمایە: لە زانستی تیۆری ژمێریاریدا بەهای تۆمارکراوی دەفتەری کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک ئەو بەها ڕاستەیە کە سەرمایەکەی پێدەسننیشان کراوە، بۆ کاتی پاکتاوکردنیو لەکاتێکدا وەبەرهێنێک بیەوێت پشکی ئەو کۆمپانیایە بکڕێت، بەراوردی بەهای دەفتەری ئەکات لەگەڵ بەهای نرخی لەبازاڕدا تا بەهای هاوتاو نرخی ڕاستەقینەی پشکەکان بزانێت، لەسەر ئەو نرخە بیر لەکەڵکی ئابوری ئەو پشکانە ئەکاتەوە، ئەوسا بڕیار ئەدا.
بەهای دەفتەری پشکداری: ئەو بەهایەیە وەبەرهێنەکان پشکی پێئەکڕن، لەکاتی پاکتاوکردنی کۆمپانیادا ئەوا کۆمپنیا بەهای دەفتەری بۆ خاوەن پشکەکان ئەگێڕێتەوە نەک نرخی پشک لەبازاڕدا.
هەژماری بەهای دەفتەری: ئەم هەژمار کردنە سەرجەم سامانو موڵکی کۆمپانیا یان دامەزراوەکە لەخۆدەگرێت، پاش حسابکردنو پاکتاوکردنی سەرجەم ئەو ئەو قەرزو شایستە داراییانەی لەئەستۆیدایە،هەروەها حسابکردنی ئەو داخورانەی لەبەکارهێناندا لەبەهای دەفتەری دەرئەکرێت، بەمانایەکی تر کۆن بوونو بەکارهێنان لە(بیناو ئامێر) لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی ڕۆژانە بەکاردێن وەک (اثاث)و کۆمپیتەرو ئێکسسوارەکانی کە سامانی کۆمپانیایە، بەهاکەیان جێگیر نیەو بەپێی تەمەن لەبەهایان کەم دەبێتەوە، لەبودجەی ساڵانەی کۆمپانیا یان دامەزراوەکەدا هەژمار دەکرێت. لەکاتێکدا ئەوە بەخەمڵاندن ئەبێت بەپێی تەمەنی ئەو سامانە، لێرەدا ئەبێت ئەوە بڵێین کە ئەم کەمکردنەوەیە زەوی ناگرێتەوە.
بەهای دەفتەری براند: ئەبێت وەبەرهێن گرنگییەک بدات بەم خاڵە لەهەژماری دیاریکردنی بەهادا، لەبەرئەوەی زۆرجار براندێک کە سومعەو ناوبانگ پەیدا ئەکات، بەپێچەوانەی سامانی بەرجەستەکراو، بەڵکو بەهاکەی زیاتر دەبێت.
بەهای دەفتەری سامان: پێویستە وەبەرهێن بەوردی لەم بەهایە بڕوانێت، بەو پێیەی کە هەمو ئەو سەروەتو سامانەی کە موڵکی کۆمپانیا یان دامەزراوەیەکە بەپێی تەمەنو بەکارهێنان لەبەها دەفتەریەکەی کەم ئەبێتەوە، دیارە لەئێستادا زانست لەئاستێکدایە کاتێک نەخشەی بینایەک ئەکێشرێت تەمەنەکەشی دیاری ئەکرێت کە تا چەند ساڵ ئەتوانرێت بەکاربهێنرێت. هەروەها ئەو ئامێرانەی بەکاردێت وەک ئوتومبێل یان ئامێری بەرهەمهێنان، ئەوانیش تەمەنیان هەیە کە دیاریکراوە، کەواتە ئەمە ئەوەمان پێئەڵێت بەهای دەفتەری نرخێکی جێگیر نیە.
بەهای دەفتەری هەڵئاوسانو پاشەکشەی ئابوری: هەمو ئەوانەی لەبواری ئابوریدا چالاکن لایان ئاشکرایە هەڵئاوسان یان پاشەکشەی ئابوری کارلێکی لەسەرجەم بوارە ئابوریەکاندا هەیە، دیارە بەهای دەفتەریش بەدەر نیە لەم دوو پێشهاتە.
جیاوازی لەنێوان بەهای دەفتەریو بەهای بازاڕدا: ئەم جیاوازیە پێویستە وەبەرهێن بەوردی لێکی بداتەوە کەڵکی ئابوریەکەی بزانێت،ئەم بەهایە ئەو نرخە ڕاستەیە کە سەرجەمی بەهای سامانی کۆمپانیەکە لەخۆئەگرێت، لەبودجەی گشتیدا دیاری ئەکرێت، ئەم بڕە نزیکە لەسەرجەم ئەوبڕە پارەیەی کە هی هاوپشکەکانە لەکاتێکدا ئەگەری پاکتاوکردن دێتە ئاراوە، ئەوا ئەوکاتە بەهای بازاڕ نرخی پشکەکان دیاری ئەکات، کەواتە لەبازاڕدا نرخی پشک چەند بێت لەسەر ئەو بنەمایە نرخی کۆمپانیاکە دیاری ئەکرێت.
لەکۆتاییدا ئەشێ بڵێم بەهای دەفتەری خۆی لەخۆیدا بەشێکی فراوانە لەزانستی ژمێریاری، ئەوەی لێرەدا خستمانە بەر دیدی خوێنەری ئازیز بەشێکی درشتو گشتی بوو بەو هیوایەی سوودبەخش بووبێت.