بەشی پەیوەندیەکان: لەماوەی یەکساڵدا زیاتر لە ٥٨٠ پشتگیری بۆ بازرگانان کراوە

ئا: زریان محەمەد

بەشی پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وێڕای ڕێکخستنی کاری پەیوەندیەکانیان لەگەڵ نوینەرانی وڵا‌تان لەهەرێم‌و عێراق، پشتگیری بۆ بازرگانان‌و خاوەن کۆمپانیاکان دەنوسێت‌و بڕوانامەی سەرچاوە (شەهادەی منشە) بۆ بردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆی دەکات، ڕێکخەری بەشی پەیوەندیەکان لەژوور دەڵێت “لەساڵی ٢٠٢١ بەشی پەیوەندیەکان ٥٨٢ پشتگیری بۆ بازرگانان‌و خاوەن کاران کردووە کە هەڵگری پێناسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانین”.

دابان نەجمەدین، ڕێکخەری بەشی پەیوەندیەکان لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی ڕاگەیاند “بەشی پەیوەندییەکان وێڕای ڕێکخستنی کارو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لەناوخۆو دەرەوەی عێراق‌و هەرێمی کوردستان، کاری پشتگیریکردنی بازرگانان‌و خاوەن کۆمپانیاکان بۆ نوێنەرانی وڵاتان دەنوسێت لەئاگادارکردنەوەیان لەکاری بازرگانییان”.

راشیگەیاند “ئەو کەسانەی کە بازرگانن یان خاوەنی کارگەن‌و کاری خۆیان دەکەن‌وهەڵگری پێناسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازین دەتوانن لەبەشەکەمان داوای پشتگیری بکەن بۆ ئەو شوێنەی دەیانەویت، بازرگانان زۆرترین پشتگیری بۆ کۆنسوڵخانەکان دەکەن لەکاتی چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی فیزا پشتگیریەکەی ئێمە دڵنیایی دەدات بەنوێنەرایەتی ئەو وڵاتانەو ئەو کەسەی هەڵگری پشتگیریەکەیە بازرگانەو خاوەنی کۆمپانیایە”.

ڕێکخەری بەشی پەیوەندیەکان ئاماژەی بەوەش دا “لەساڵی ٢٠٢١ بەشی پەیوەندیەکان ٥٨٢ پشتگیرییان بۆ بازرگانان‌و خاوەن کاران کردووە کە هەڵگری پێناسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانین پشتگیرییەکان بۆ باڵیۆزخانەكان‌و کۆنسوڵخانەکان بووە بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزاو ئاسانکردنی کاری بازرگانی لەو ولاتانەی بۆی دەچن”.

ڕێکخەری پەیوەندیەکان لە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەش رووندەکاتەوە لەبەشەکەیاندا پشتگیری لەکاری بازرگانانی ناوخۆو بەرهەمی ناوخۆیی دەکرێت، بەڕەچاوکردنی ئەوەی کاتێک بازرگانێک یان خاوەن کۆمپانیایەک بەرهەمێکی ناوخۆیی دەباتە دەرەوە بڕوانامەی سەرچاوە (شەهادە منشأ)ی بۆ دەکرێت‌و بڕی ئەو بەرهەمەی دەیباتە دەرەوە تیایدا دەنوسرێت‌و ناونیشان‌و جۆری بارەکەی دەستنیشان دەکرێت”.

ئەوەشی ڕونکردەوە لەساڵی ٢٠٢١ بەشەکەیان ٨٤ بڕوانامەی سەرچاوە (شهادە منشأ) کردووە بۆ ئەو بەرهەمانەی لەلایەن بازرگانانەوە براوەتە دەرەوە لەجۆری ئاو، قیرو ئەلەمنێۆم‌و ترش‌و هەنگوین‌و هەنارو چەند بەرهەمێکی دیکە بۆ وڵاتانی ئیمارات‌و ئەوروپاو بەریتانیاو ئێران‌و تورکیاو جۆرجیاو چەندین وڵاتی دیکە هەناردە کراون.

بەشی پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەساڵی ٢٠٢١دا توانیویەتی پێشوازی لەچەندین وەفدی باڵیۆزخانەکان‌و کۆنسۆڵخانەکان‌و ژوورە بازرگانییەکان‌و ڕێکخراوەکانی وڵاتان بکات، لەکۆبونەوەکاندا هەمیشە جەخت لەگرنگی شاری سلێمانی کراوەتەوە وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بۆ عێراق‌و وڵاتانی دراوسێ‌و هەمیشە پەیامی دەستپێشخەری هەموو هاوکارییەک بۆ وەبەرهێنەرەکانی دەرەوە نێردراوە کە دەتوانن بێنە شاری سلێمانی‌و پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.

وێڕای ئەو کارانەی بەشی پەیوەندییەکان لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی سەرپەرشتی تەواوی ئەو گەشتە بازرگانیانە دەکات کە بۆ پێشانگاو کۆنفرانس‌و ۆرک شۆپەکانی دەكات كە لەدەرەوەی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، هاوکات بەشی پەیوەندیەکان لەڕێگەی بەشی ڕاگەیاندنی ژوورەوە کە پێکدێت لەڕۆژنامەو ماڵپەڕو هەژماری تایبەتی لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکان، هەموو بازرگانان‌و خاوەنکارن لەهەبونی هەر پێشانگایەک‌و کۆنفرانسێک ئاگادار دەکاتەوە بەپێی مەرج‌و ڕێنمایەکان‌و خاوەنی کۆمپانیاکان دەتوانن بەشداربن.

لەساڵی ٢٠٢١ بەهۆی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێک لەگەشتەکانی بازرگانی هەڵوەشانەوە، چونکە بەشێک لەوڵاتان کارەکانیان ڕاگرت‌و هەموو چالاکیەکی بازرگانی‌و ئابوری کە دەبوە هۆی دروستبونی بەریەکەوتن‌و قەرەباڵغی ڕاوەستان، بۆیە نەتوانرا گەشتی بازرگانی زۆر ڕێکبخرێت.

بەشی پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی ژوورە بازرگانیەکانی جیهان توانیویەتی پەیوەندیەکانیانی بەهێز بکات‌و لەهەبونی هەر کێشەو گرفتێکی بازرگانی لەنێوان بازرگانانی سلێمانی‌و هەر وڵاتێکدا لەڕێگەی هەردولاوە کێشەکان چارەسەر بکات.