بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق رایگەیاند، عێراق 18 ملیار دۆلار قەرزی لەلای ئێرانە و ئەمریکا رێگەی داوە تەنیا 500 ملیۆن دۆلار بدرێتەوە. دەشڵێت: “باشترین بژارە بۆ ئازادکردنی پارەکانمان ئەوەیە لە عێراق وەبەرهێنانی پێوە بکەین.”
حەمید حوسێنی، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق رایگەیاند: “عێراق پارەی کارەبا و گازی ئێران لە هەژمارێکی بانکی بەناوی کۆمپانیای نیشتمانی گازەوە دادەنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێران ناتوانێت دەستی بگاتە ئەو پارانە.”
وتیشی، پارەکانی ئێران لە بانکێکدان ملکەچی بڕیارەکانی ئەمریکایە و تەنیا بە ئەو شمەکانە دەدرێت کە سزاکان نایانگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، لە سەردانەکەی مانگی رابردووی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق رێگەدراوە بە ئازادکردنی بڕی 500 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی ئێران کە لە بانکەکانی عێراقدان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باشترین کارێک لەبەرامبەر ئەو پارانەدا بکرێت، ئەوەیە لەنێوخۆی عێراق وەبەرهێنانی پێوەبکرێت و دەڵێت، “ئەوە مانای دەستبەرداربوونمان نییە لەو پارانە.”
وتوشیەتی: “داهاتی رۆژانەی نەوتیی عێراق لەنێوان 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو پارانە دەچێتە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و دواتر بانکە ئەمریکییەکە بڕیاری حەواڵەکردنی ئەو پارانە بۆ بانکەکانی عێراق دەدات و بەشێک لەو پارانە بە کاش دەدرێت.”
دەشڵێت: “ئەمریکا چاودێری بازاڕی دراوی عێراق دەکات، بەڵام هەموو چالاکییە بانکییەکانی عێراق لە رێگەی بانکەکانەوە ناکرێت و ناکرێت رێڕەوی هاتنی دراوە بیانییەکان بۆ ئێران رابگیرێت.”