بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران ئاشکرایدەکات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمو ئێران زیادیکردوەو قەبارەکەی چوار ملیار دۆلارە، دەشڵێت، “لەکۆتایی ئەم مانگە شاندێکی هەرێم سەردانی ئێران دەکاتو گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی دەروازەکان دەکەن”.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ میدیاى نزیك لهپارتى وتویهتى، “شاندەکە پێکدێت لەهەر چوار پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانو بەڕێوەبەرانی هەرسێ دەروازەی سنووری، پەروێزخان، باشماخو حاجی ئۆمەران”.
دهشڵێت، “کۆبونەوەکە لە31ی ئەم مانگە لەشاری ورمێ ئەنجامدەدرێت، شاندێکی ئێران کە ژمارەیەک پارێزگاری شارەکانی ئێران تێیدا دەبن لەگەڵ شاندەکەی هەرێم کۆدەبنەوە”.
ئاکرەیی باس لهوهشدهكات، “پێشتر پەیوەندییو هەماهەنگی لەسەر نێوان پارێزگاکانی هەردولا بوە، بەڵام لەم کۆبونەوەیە گفتوگۆکان فراوانتر دەبن، یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبونەوەکە باسکردن دەبێت لەچارەسەرکردنی کێشەی ئەو بارهەڵگرانە دەکرێت کە لەئێرانەوە بار دەگوازنەوە هەرێم، هەروەها باس لەکارەبای دەروازە سنورییەکان دەکرێت کە لەئێرانەوە هاتۆتە نێو خاکی هەرێم، جاران گرێبەستەکەمان وابوو پارەی کارەبامان بەتومەن دەدا ئێرانییەکان دەڵێن دەبێ بەیۆرۆ بیدەن، بۆیە دەیانەوێت لەم کۆبونەوەیە ئەو کێشانە چارەسەربکرێن”.
سەبارەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمو ئێران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرایكرد، “لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوەچونەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەهەر سێ دەروازەی فەرمی سنوری هەرێم لەگەڵ ئێران زیادیکردوە، ئاستی پەیوەندییو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردولا باشەو کێشەکان کەمتربونە بەرەو باشتر دەڕوات”.
جهختیكردهوه، “قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەگشتی لەنێوان عێراقو ئێران دەگاتە 12 ملیار دۆلارو لەنێوان هەرێمی کوردستانو ئێران چوار ملیار دۆلارە”.