ئا: بازرگانیو پیشەسازی
بەختیار مەحمود مەلا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بارزگانیو پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە كاری ژورەكەیان زیاتر راوێژكاریو پێشنیار كردنەو ساڵانەش پڕۆژەو پێشنیارەكانی خۆیان بەمەبەستی پێشخستنی ئابوری دەدەن بەحكومەتی هەرێمو لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو دەڵێت “لەپێناو پێشخستنی پیشەسازیدا ئەوەی لەسەر ژوور بووە كردومانە”.
بەختیار مەحمود مەلا ئەمین، بەرۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند لەپێناو پێشخستی كەرتی پیشەسازییدا، ژووری بارزگانیو پیشەسازی سلێمانی كەمتەرخەمی نەكردووە، ئەو وتی “ژووری بازرگانیو پیشەسازی دەسەلاتی جێبەجێكردن نییەو تەنها دەتوانێت پێشنیار بكات، لەمەشدا درێغییمان نەكردووە، ئێمە لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمانو حكومەتو وەزارەتەكانو لەكەناڵو میدیاكانو لەبڵاوكراوەكانی خۆماندا داكۆكیمان لەسەر پاراستنو پێشخستنی پیشەسازی ناوخۆیی كردووەو پڕۆژەكانیشمان بەڵگەن كە ساڵا بەساڵ هەمانەو چاپ كراونو داومانە بەحكومەتو پەرلەمانو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانو هەموو ساڵێكیش بەپێی هەلومەرجو گۆڕانكارییەكانی عێراقو كوردستان نوێمان كردوەتەوە، بەڵام كەس بەگوێی نەكردوین، ئەوەی لەسەر ئێمە بووە كردومانە”.
بەختیار باس لەوە دەكات كە بەپێی ئەو روپێوەی لەساڵانی رابردوودا كراوە، سلێمانی لەڕووی پیشەسازییەوە لەئاستی عێراق یەكەم بووەو هۆكاری سەرەكیشی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ژمارەیەك كارگەی گەورەی چیمەنتۆ، كە زۆربەیان لەناوچەی بازیانو دەوروبەری دامەزراون، ئەگینا لەڕووی پیشەسازییەوە وەكو پڕۆژەی بچوكو مام ناوەند سلێمانی بەراورد بەساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لەپاشەكشەدا بووە، ئەو وتی “پیشەسازی ئەوەیە خەڵك بخەیتە سەر كارو هەلی كار بۆ هاوڵاتییان برٍەخسێنیت، لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوودا كارگەی كاشیو مەڕمەڕو بیناسازی لەسلێمانی هەر هەموی تەقەی دەهاتو لەئیشدا بوون، بەڵام ئێستا ئەم كارگە گەورانە زۆربەیان كرێكاری بیانی ئیشیان تیا دەكات”.
سەبارەت بەئاسانكاریی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بۆ پڕۆژە بچوكو مام ناوەندەكان، ئەو وتی “ئەوەی لەچوارچێوەی كارو دەسەڵاتی ئێمەدا بوبێت وەك ژوور هەموو كارئاسانییەكمان بۆ كردوونو مۆڵەتمان پێداونو رێشمان نیشان داون، بەڵام بەربەستی گەورە هەبون كە گرنگترینیان پەیدانەكردنی زەوی بووە بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی لەسەر بكات، ژووری بازرگانی زەوی نییەو شارەوانی هەیەتی، ئەوانیش بەقسەیان نەكردوینو لەسێمانی چەند ساڵێكە زەوی نادرێت بەپڕۆژەی بچوك”.
وتیشی “گەشەی پیشەسازی پەیوەندی بەدەسەڵاتی جێبەجێكردنو یاسادانانو ئیدارەی خۆجێییەوەیە كە دەبێت یاساكان رێكبخەنو بیخەنە خزمەتی پڕۆژەی بچوكو مام ناوەندەوە، لەسلێمانی هەموو كەرەسەكان بەردەستن بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كەمدا هەنگاو بنرێت بۆ پێشخستنی پیشەسازی، بەڵام هەموو هەنگاوەكان پەیوەندی هەیە بەئیدارەوە، ئەو یاسایانەی تا ئێستا هەن لەخزمەتی پێشخستنی گەشەی پیشەسازیدا نین، ئیدارەی ناوەندی هەرێمو خۆجێی سلێمانیش كەمتەرخەمنو زەوی ئامادە ناكەن بۆ ئەو پڕۆژە بچوكانەی كە هەن، ئێمەش هەر كاری راوێژكاریو راپۆرت نوسینمان لەسەرەو دەزگایەكی جێبەجێكار نین”.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی جەغت لەوە دەكات كە سلێمانی لەهەموو رویەكەوە دەوڵەمەندە بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندێكی پیشەسازی، ئەو وتی “جگە لەوەی سلێمانی لەدروستكردنی كەرەسەی بیناسازیو چیمەنتۆدا پێشەنگە، ناوچەیەكی دەوڵەمەندی بەروبومی خۆراكیشە، بەتایبەتی لەبەروبومی شیرەمەنی، كە ئێستا چەندین كارگەی ماست هەن لەسلێمانیو چنگەكڕێ دەكەن بۆ مانەوەو بەردەوام بوون، هەروەها پیشەسازی دەرمان لەسلێمانی سەركەوتوو بووە، لەجبسو دروستكردنی قوتوشدا بەهەمان شێوە، ئەمە جگە لەوەی سلێمانی رەخساوە بۆ دامەزراندنی كارگەی پیشەسازی خۆراكیو كشتوكاڵی، وەك زەیتی زەیتونو گوڵەبەڕۆژەو روبە هەنارو دۆشاوی تەماتەو چەندانی تر”.
بەختیار ئاماژە بەوە دەكات كە خاڵە جەوهەرییەكە ئەوەیە هەموو رایەڵەكان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هەر لەسەرمایەو زەویو دەستی كارەوە بگرە تا دەگات بەكاری یاسادانانی پەرلەمانو سیاسەتی ئابوری حكومەتو دامەزراوە ئابورییەكانو باجو گومرك، ئەو وتی “خاڵە بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە هاوردە تەنگی هەڵچنیوە بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردە زۆر زۆرەو وڵاتانی دەرەوە دەیانەوێ هەموو بەرهەمو پیشەسازییەكانی ناوخۆمان بكەون، بە بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن كاڵاو بەرهەمەكانی خۆیان بفرۆشرێو بازاڕی بۆ بدۆزنەوە”.
وتیشی “سەرباری هەموو ئەم بەربەستانەش هێشتا خەڵكانێك هەن ریسك بەسەرمایەكەی خۆیان دەكەنو دەیانەوێ پیشەسازی بكەنو پڕۆژە دروست بكەن، هەرچەندە زۆربەی خاوەن كارگەكان لەنائومێدیو بەهۆی زۆری زیان كردنیانەوە دایانخستوە، چونكە بەرهەمەكەیان ناپارێزرێت لەلایەن حكومەتەوە، تێچونی بەرهەمەكەشیان بەرزەو ركەبەری كاڵای هاوشێوەی دەرەكییان پێناكرێت، نەوزەو نەكارەباكەیان بەنرخێكی هەرزان دەستدەكەوێو نەكەرەسە خاوەكەشیان بەر لێبوردنی گومركی دەكەوێ، بەڵام هێشتا هەر خەڵك كۆڵ ناداتو هەر پڕۆژەی پیشەسازی دەكرێ لەدەوروبەری سلێمانی”.
سەبارەت بەهۆكاری تێچونی زیاتری بەرهەمهێنانی كاڵایەك لەناوخۆدا بەراورد بەهاوشێوەكەی لەوڵاتانی دەوروبەردا، بەختیار وتی “چەندین هۆكاری جیاواز هەن، كە بەشێكیان رەگوریشەیەكی مێژووییان هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی عێراق لەو وڵاتانە نەبووە پەیڕەوی لەبنەماكانی بازاڕی ئازاد بكات، هاوكات لەئێستادا ئەوە كەی رەوایە نرخی یەكەیەكی كارەبا لەهەرێمی كوردستان لەزۆر وڵاتی تر گرانتر بێت؟! وزە گرانتر بێت؟ دەستی كارت گرانتر بێت؟ گواستنەوەو نرخی هاتوچۆت بەهۆی گرانی بەنزینەوە بەرزتر بێت؟ ئەو كەرەسەی خاوەی هاوردەی دەكەیت گومركی لەسەر زۆرتر بێت؟! تۆ پترۆكیمیاویت نییە كە لەسەدان جۆری پیشەسازیدا بەكاردەهێنرێت، كاتێك كەرەسەیەكی خاوی بەرهەمی پترۆكیمیاویی لەدەرەوە دەهێنیت بۆ پیشەسزییەکی ناوخۆ گرانتر دەكەوێ، لەئەنجامدا سەیر دەكەیت لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە ئەو كاڵایەی لەناوخۆدا دروستی دەكەیت، لەدەرەوە بیهێنیت زۆر كەمتر دەكەوێ، كە ئەمە روویدا ئیتر پیشەسازی ناوخۆ بەئاسانی لەبەردەم شاڵاوی هاوردەی كاڵای دەرەوەدا دەكەوێ”.
وتیشی “كلتوری خەڵكەكەش رۆڵ دەبینێ لەوەی بەرهەمی ناوخۆ بایەخی پێنەدرێت، بۆ نمونە ئەڵمانییەك هەتا “مێد ئین جێرمەنی”یەكە نەبینێ نایكڕێ، کاڵای وڵاتەکی خۆی دەکڕێو هی وڵاتێكی تر ناكڕێ، بەڵام بەپێچەوانەوە لای ئێمە هی خۆمان ناكڕێو خواستی لەسەر بەرهەمە بیانییەكەیە، ئەمە جگە لەوەی خەڵك زۆربەی بوون بەموچەخۆر، كشتوكاڵو مەڕوماڵاتیش پەكی كەوتوە تەنانەت وایلێهاتووە مەڕی هاوردەكە هەرزانتر دەكەوێ بەراورد بەوەی ناوخۆ، بۆیە حكومەت دەبێت هەموو ئەمانە رێكبخاتەوەو هەوڵبدات بەرهەمی ناوخۆ بپارێزێو گومرك لەسەر هاوردە زیاد بكات، بەو رێگەیە نەبێ ناتوانرێ پیشەسازی پێشبخرێ”.