بەهۆی پشوی جەژنی رەمەزانەوە، بۆ ماوەی یەك رۆژ دەروازەی سنوری باشماخ بەڕوی هاتوچۆی بازرگانیدا دادەخرێت، بەڵام هاتوچۆی گەشتیاران بەردەوام دەبێت.
ئیسماعیل عەلی ئاغا لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی راگەیاندوە، بۆ ماوەی یەك رۆژ دەروازەی نێودەوڵەتی بەڕووی جموجوڵی بازرگانیدا دادەخرێت، ئەویش لەیەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزداو دواتر بازرگانی دەستپێدەكاتەوە .
سەبارەت بە هاتوچۆكردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران وتی: لەڕۆژانی جەژندا راناگیرێت و بەردەوام دەبێت .
لەبارەی چۆنێتی گەشتكردن و هاتنی گەشتیاران كە لەهەرێمی كوردستانەوە گەشت دەكەن و بەپێچەوانەوە لە وڵاتی ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەنییەكانی مەرزی باشماخ وتویەتی: هەر هاووڵاتیەك كە دێتە هەرێم و بەپێچەوانەوە دەڕوات دەبێت كارتی ئەلكترۆنی ڤاكسینی كۆرۆنای پێبێت، ئەگەر نا دەبێت پێشوەختە پشكنین بكات، ئەوانەشی كە كارتی ئەلكترۆنیان پێیە بەبێ پشكنین دەتوان هاتوچۆ بكەن.