بانكە بازرگانییەكانی عێراق بڕیاری دا پرۆسەی گواستنەوەی پارەی دەرەكی بۆ بازرگانان فراوانتر بكات، بۆیە داواش لە بانكی ناوەندی عێراق دەكات دۆلاری زیاتریان پێ بدرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی تەمووز، لە بانگەوازێكی بانكە بازرگانییەكانی عێراقدا هاتووە، بۆ سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا، بانكی بازرگانی عێراق بڕیاری دا دەستپێشخەری بكات بۆ فراوانكردنی بازنەی پرۆسەی گواستنەوەی دارایی دەرەكی و زیاتر ناردنی دۆلار بۆ بازرگانان.
لە بانگەوازەكەدا باس لەوەش كراوە، لەمەودوا رێ دەدرێت بە هاوردەكردنی كەلوپەل بە نرخی ئاڵوگۆڕی بانكی ناوەندی عێراق بە هەزار و 320 دینار بۆ هەر دۆلارێك، بەمەرجێك بەهای گواستنەوەی دەرەكی بۆ هەر بازرگانییەك لە مانگێكدا زیاتر نەبێت كە بڕەكەی تەنیا 100 هەزار دۆلارە.
باس لەوەش كراوە، ئەو پرۆسەیە لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەكات، سەرەتا لە لقەكانی بانكەكەوە لە بەغدای پایتەخت دەست پێ دەكات، پاشان كار بۆ لقەكانی تری دەرەوەی بەغدا دەكرێت و ئەو هەنگاوەش بۆ سەرجەم بازرگانان یەكسانە.
ئێستە گرانیی دۆلار كاری كردووەتە سەر كاڵای هاوردەكراو، ئەوەیش وایكردووە هاووڵاتییان نیگەران بن، بۆیە بانكی ناوەندی عێراق چەندان رێكاری گرتووەتەبەر.